عیراق لە مانگی ئاداردا 5 ملیار دۆلاری نەوتی لەدەستداوە

کوردستان 09:51 AM - 2026/04/27

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا هۆشداری دەدات كە عیراق بەهۆی دۆخی ناوچەكە و پشتبەستنی زۆر بە داهاتی نەوت، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە.

سندووقەكە پێشبینی دەكات لە ساڵی 2026دا چالاكییە ئابوورییەكانی عیراق پاشەكشەی بەرچاو بكەن، ئەوەش بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگە جیاوازەكاندا.

بەپێی راپۆرتەكە، عیراق لە مانگی ئاداری رابردوودا بڕی 5 ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوت لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردە لەو مانگەدا.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی زنجیرەیەك كێشەی وەك فشار لەسەر داهاتی گشتی، بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەكردن و گواستنەوە، لەگەڵ زیادبوونی فشاری هەڵاوسان و گرانبوونی كاڵا لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا.سندووقی دراوی نێودەوڵەتی  تەئكید لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێكاری پێشوەختە دەكاتەوە بۆ بەهێزكردنی توانای ئابووریی نیشتمانی.
داوا شدەكات حكومەت كار بۆ هەمەچەشنكردنی دەروازە بازرگانییەكان و دابینكردنی كاڵا پێویستییەكان بكات، تا سەقامگیریی بازاڕ و ئاسایشی خۆراك بپارێزرێت و گەرەنتی گەیشتنی پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتیان بكرێت.

ئەم هۆشدارییانەی سندووقی دراو لە كاتێكدایە كە بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و داخستنی گەرووی هوورمز، پڕۆسەی هەناردەی نەوت و غازی وڵاتانی ناوچەكە بۆ بازاڕەكانی جیهان پەكیكەوتووە. بۆ عیراق كە 90%ی كۆی داهاتەكەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ئەم پەككەوتنە بووەتە مەترسییەكی راستەقینە بۆ سەر كۆی جومگەكانی دارایی وڵاتەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو