قائیمقامیەتی سلێمانی هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە قەیرانی غاز كۆتایهاتووە و دۆخەكە وەك پێش جەنگی لێهاتووەتەوە.
عومەر عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە میكانیزمی دابەشكردنی غاز گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، رۆژانە 240 تۆن غاز رەوانەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت و لە رێگەی 12بارهەڵگرەوە وەردەگرێت، كە پێشتر لە كاتی جەنگدا رۆژانە تەنها دوو بارهەڵگر دەهات.
وتیشی، شەش ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر تەرخانكراون بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی سەنتەری شاری سلێمانی، ئەو بڕەش كە دەمێنێتەوە بەسەر قەزاو ناحیەكاندا دابەشدەكرێت و چیتر پێویست ناكات هاووڵاتیان بچنە وێستگەكان و سەرەبگرن.
سەرۆكی لیژنەكە تەئكیدیكردەوە، ئەو رێكارانە دەبێتە هۆی دابینكردنی جێگیری غاز و دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان لەسەرتاسەری سلێمانی.