دوای ئەوەی دوێنێ لەدانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەرێوەچوو، توانرا لەدوو خولدا پۆستەكە لەبەرژەوەندی نزار ئامێدی كە تاكە كاندیدی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بوو یەكلای بێتەوە و دەنگی 227 ئەندامی ئەنجومەنەكە بەدەست بهێت ، هاوكات ئەمڕۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات لە نێوان دكتۆر لەتیف رەشیدو نزار ئامێدی ئەنجامدراو ، نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆماری عیراق دەستبەكاربوو.
بەپێی كارنامەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رۆژی شەممە دانیشتنی ژمارە 17ی ئەنجومەنەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەچوو، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ تەواوكردنی رێكارە دەستوورییەكان و راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق. هەرچەندە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان بەشدارییان لەدانیشتنەكەدا نەكرد، بەڵام دانیشتنەكە نیسابی یاسای خۆی تەواوكردو بەڕێوەچوو، بەپێی دەستووری عیراق، بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندام بوو لە 329 ئەندامەكەی ئەنجومەنەكە، بەڵام 252 ئەندام ئامادەبوون و دەنگیاندا، دوای دوو خولی هەڵبژاردن توانرا بەدەنگی 227 ئەندام نزار ئامێدی بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت.