سەرۆكی هەرێم لەبارەی شەهیدبوونی دوو هاوسەرەكە: ئەم هێرشانە قبووڵكراو نین سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەهیدبوونی دوو هاوسەرەكەی سنووری هەولێر پەیامێكی هاوخەمیی بڵاوكردەوە و دەڵێت، ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نین و بەتەواوی رەتكراوەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامەكەیدا "زۆر بە تووندی" ئیدانەی ئەو هێرشە دەكات كە شەوی رابردوو، بە درۆن هێرشكرایە سەر ماڵێكی گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا دوو هاوسەر شەهید بوون.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكات و دەڵێت، ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو نین و بە تەواوی رەتكراوەن، دەشڵێت، پێویستە حكومەتی فیدڕاڵیی عیراق، ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بكات بۆ رێگریكردن لەم "تاوان و هێرشە تیرۆریستییانە" و چیتر ئەم دەستدرێژییانە بۆ سەر خەڵكی مەدەن و بێتاوانی هەرێمی كوردستان دووبارە نەبنەوە.