قوباد تاڵەبانی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەی بەسەر کردەوە

کوردستان 03:11 PM - 2026/04/07

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە سلێمانی سەردانی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەی کرد و هەردوو نەخۆشخانەی شۆڕش و چەمی رەزانی بەسەر کردەوە.

لە سەردانەکەیدا لەگەڵ دکتۆر هێمن عاسی، بەڕێوەبەری گشتی و دکتۆر هاوژین عوسمان، جێگری بەڕێوەبەر و بەرپرسانی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە و هەردوو نەخۆشخانەی شۆڕش و چەمی رەزان کۆبووەوە و سوپاسی کردن کە بە شێوەیەکی رێکوپێک نەک تەنها خزمەتی پێشمەرگە و خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانیان کردووە، بەڵکو هاوکات خزمەتی بەرچاویان پێشکەش بە هاووڵاتییانیش کردووە.

راشیگەیاند شانازی بە پزیشکان و کارمەندانی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەوە دەکات، کە دڵسۆزانە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و بە شێوەیەکی پیشەیی و مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکاندا دەکەن. وتیشی دەزگای تەندروستی دیاریی سەرۆک مام جەلالە بۆ پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان، هەربۆیە گرنگیی زیاتری پێ دەدرێت و دەبێت ساڵ لە دوای ساڵ گەشەی زیاتری پێ بدرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پەرەپێدانی زیاتری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە دەربڕی و بە پێویستیشی زانی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان قەزا و ناحییەکانیش بگرێتەوە. هاوکات بۆ باشتر خزمەتکردنی نەخۆشەکان، بەڵێنی پێدان ئامێر و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆ دابین بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو