تەلەگراف: دوو برا هەرێمی كوردستانیان لە جەنگ پاراست

کوردستان 03:06 PM - 2026/04/03

تەلەگراف: دوو برا هەرێمی كوردستانیان لە جەنگ پاراست 
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی چۆن هەرێمی كوردستانیان لە جەنگ پاراست؟رۆژنامەی (تەلەگراف)ـی بەریتانی لە راپۆرتێكی ورددا باس لە رۆڵی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە پاراستنی خاكی كوردستان دەكات و دەڵێت، ئەو دوو برایەی لە بەریتانیا گەورە بوون، رۆڵێكی كەم وێنەیان گێڕا لە دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستان لە جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران.  دەشڵێت ئەم دوو برایە نەیانهێشت كورد وەك سەری رم بۆ هێرشی زەمینی دژی تاران بەكاربهێنرێت.بەپێی راپۆرتەكەی (تەلەگراف)، تەنیا دوو رۆژ دوای دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی راستەوخۆی لەگەڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجام دا. ئەم پەیوەندییە بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆی ئەوەی گوایە ئەمریكا دەیەوێت لە ڕێگەی گرووپە چەكدارە كوردییەكانەوە هێرشی زەمینی بكاتە سەر ئێران، بەڵام بۆچوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی برای  تەواو جیاواز بوو.ڕۆژنامە بەریتانییەكە تیشك دەخاتە سەر پاشخانی ئەم دوو برایە كە وەك پەنابەر لە ناوچەی (كرۆیدۆن)ی بەریتانیا گەورە بوون. ئێستا بافڵ جەلال تاڵەبانی تەمەن (53 ساڵ) سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە و قوباد تاڵەبانی (48 ساڵ) جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. رۆژنامەی تەلەگراف دەڵێت ئەم دوو برایە بەهۆی پەروەردە ئەوروپییەكەیان دەتوانن بە زمانێك بدوێن كە هەم رۆژئاوا تێیبگات و هەم هاوسەنگی لەگەڵ تاران دا بپارێزن.ڕاپۆرتەكە باس لە جیاوازییەكانیان دەكات  و كاك بافڵ وەك كەسێكی شارەزا لە ستراتیژیی سەربازی و تیژبین وەسف كردووە كە حەزی بە رەسمییەت نییە، لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی وەك كەسێكی رێكخراو و كارگێڕ وەسفكردووە. ئەم دوو ئاڕاستەیەش وایكردووە بتوانن لە یەك كاتدا لەگەڵ جیهان و ناوخۆی ناوچەكەدا مامەڵەیەكی ورد بكەن.
لە كاتێكدا میدیای ئەمریكا باسیان لە تێوەگلانی سی ئای ئەی  دەكرد بۆ پڕچەككردنی كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سەرۆك بافڵ لە شاشەی (فۆكس نیوز)ەوە پەیامێكی نارد بۆ ترەمپ و وتی: كوردستان دەبێت پرد بێت، نەك گۆڕەپانی جەنگ. ئەم پەیامەی كاك بافڵیش  وەك هەوڵێكی جدی بینرا بۆ رێگریكردن لەوەی هەرێم تووشی كارەساتێكی وێرانكەر بێت.
 (تەلەگراف) ئاماژە بەوەش دەكات، قوباد تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (چەناڵ فۆڕ) هۆشداریی دایە گرووپە كوردییەكانی ئێران كە ژیر و ستراتیژی بن و بێ رەزامەندیی حكومەت هیچ هەنگاوێكی سەربازی نەنێن. لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا، قسەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عیراق هاتووە كە راشكاوانە بە زلهێزەكانی وتووە: كورد وەك بەكرێگیراو تەماشا مەكەن، ئێمە نابینە پارچەی یارییەكانی ئێوە. ئەم هەڵوێستە نیشانەی یەكدەنگیی بنەماڵەی تاڵەبانی بوو بۆ دوورخستنەوەی كورد لە شەڕی وەكالەت.رۆژنامەی تەلەگراف، باس لەوە دەكات ئێستا دەباشان بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ پاراستنی سەقامگیری. قوباد تاڵەبانی بە كورتی دەڵێت: ئەمە جەنگی ئێمە نییە، ئێمە ئیدی بەسە چەندین جەنگمان بینیوە. بەم شێوەیە ئەم دوو برایە توانییان هەرێمەكەیان لە ناو ئاگری جەنگی ئەمریكا و ئێران دا بە سەلامەتی ڕابگرن.
 لینکی هەواڵەکەی رۆژنامەی تەلەگراف
https://www.telegraph.co.uk/world-news/2026/04/03/british-raised-brothers-stopped-kurds-iran-war-trump/?WT.mc_id=tmgoff_fb_photo_stopped-kurds-iran-war-trump%2F

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو