لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل - ئەمریكا و لەگەڵ ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، بۆ یەكەم جار كەشتییەكی نەوت هەڵگر كە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراقی هەڵگرتبوو، لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕی.
ئاژانسی بلومبێرگ لە رێگەی سیستمی شوێنپێهەڵگرتنی كەشتییەكانەوە ئاشكرای كرد، كەشتی نەوت هەڵگری "ئۆمێگا تریدەر" كە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراقی هەڵگرتبوو لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕی و گەیشتە شاری مومبای هندستان، ئەمەش یەكەم جوڵەی نەوتی عیراقە لەگەرووی هورمزەوە لەدوای هێرشەكان بۆسەر ئێران.
رۆژی 28ی مانگی رابردوو، هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل-ئەمریكا بۆسەر ئێران دەستیپێكرد و ئەوەش وەڵامدانەوەی تارانی بەدوادا هات لەو كاتەوە جەنگێك هەڵگیرساوە كە تا ئێستا بەردەوامە، لە رۆژی 2ی ئەم مانگەشەوە ، گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بەڕووی كەشتییە بارزگانییەكان و كەشتییەكانی گواستنەوەی سووتەمەنیدا داخراوە، بەو هۆیەوە نرخی سووتەمەنی و بەشێك لە كاڵا و خۆراكەكان لەسەر ئاستی جیهان بەرزبووەتەوە.