وەزارەتی پێشمەرگە چەند رێنماییەك بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەكان دەردەكات

کوردستان 07:39 PM - 2026/03/24

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند رێنماییەك بۆ سەرجەم ئەفسەر و پێشمەرگەكان دەردەكات.
یەكەم رێنمایی ئەوەیە، بەهیچ شێوەیەك رێگەپێدراو نییە راگەیاندنەكان بێنە ناو بارەگاو شوێنە سەربازییەكانتان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە كەناڵ و میدیاكان دەكەن خۆیان بە دوور بگرن لە گرتنی وێنەو ڤیدیۆی بارەگا سەربازییەكان.
دووەم رێنماییش ئەوەیە، لێدوان و پێدانی زانیاریی بە ڕاگەیاندنەكان لەلایەن فەرماندەو ئەفسەران و پێشمەرگەوە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
رێنماییەكی تر بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەكان ئەوەیە، بە هەموو شێوەیەك بڵاوكردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و زانیاریی تایبەت بە سەنگەر و بارەگاكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پۆستكردنیان قەدەغەیە.
بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی زانیاریی، وەزارەتی پێشمەرگە داوایەكی تر لە ئەفسەر و پێشمەرگەكان دەكات و دەڵێت، تكایە هەر پەیج و ئەكاونتێك دەبینن كە بە ناوی پێشمەرگەوە زانیاریی سەربازی بڵاودەكاتەوە، لینكی پەیجەكەمان بۆ بنێرن تاوەكو لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ڕێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
هۆشداریش دەداتە هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەك پێشێلی ڕێنماییەكان بكات، ڕووبەڕووی توندترین سزای سەربازی و كارگێڕی دەبێتەوە و لەمبارەیەوە چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەكرێت.
خاڵی شەشەمی ڕێنماییەكەش ئەوەیە، پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن و هۆشیاری لە یەكە سەربازییەكان، ئۆپەراسیۆنەكان، هەواڵگری، چاودێری وردی تەواوی جموجوڵەكانی پێشمەرگە و ئەفسەران بكەن و هەروەها ئەو ڕێنماییانە پەخش بكەن.
لە كۆتاییشدا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بەرێوەبەڕایەتی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی چاودێری وردی سۆشیال میدیا دەكەن بۆ هەر سەرپێچییەك لەم خاڵانە و وەرگرتنی رێكاری سەربازی و یاسایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرووی خۆیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو