ئەم هەواڵە سەرەتایە بۆ راگەیاندنی هەواڵە خۆشەكە، كە ئەویش دابەشكردنی مووچەیە، دوای ئەوەی زیاتر لەهەفتەیەكە لیستی مووچەی مانگی سێ لەلایەن بەرێوەبەرایەتی و وەزارەتەكانەوە ئامادەكراوە و گەڕێندراوەتە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ، وەزارەت دوای وردبینیكردن بڕیاریداوە ئەمڕۆ لیستەكە بە سیستمی پەیڕۆڵ رەوانەی بەغداد بكات، بەڵام بەهۆی پشووەوە رەنگە وردبینیەكەی حكومەتی فیدراڵ بۆ دوای پشووەكانی جەژن دوابكەوێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست گەلی كوردستان گەیشتووە،لیستی مووچەی مانگی سێ بەسیستمی پەیڕۆڵ بە تەواوی ئامادەكراوە و بڕیار وایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستەكە ئاراستەی بەغداد بكرێت. هەر بەپێی زانیارییەكان،لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەشێوەی ئەلیكترۆنی و لە ڕێگەی سیستمەكەوە دەبێت، كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ شەفافیەت و خێراكردنی پڕۆسەی تەمویلكردن.
بەڵام لیستی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، هاوشێوەی مانگەكانی رابردوو بەشێوەی كاغەز و بەدەستی رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق دەكرێت تا ئەو كاتەی ئەوانیش دەخرێنە ناو سیستمەكەوە.
ناردنی لیستەكە لە كاتێكدایە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئادار تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 23ی ئاداری كردووەتە پشووی رەسمی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە. بڕیارە رۆژی سێشەممە 24ـی ئادار دەوام لە عیراق دەستپێبكاتەوە، ئەمەش وادەكات پڕۆسەی وردبینی لە لیستەكان و ناردنی تەمویلەكە بكەوێتە دوای پشووەكانی جەژنەوە.