كۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئاماری نوێی زیانەكانی بۆ سەر وڵاتەكەی ئاشكرادەكات و دەڵێت، بەهۆی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە زیاتر لە 67 هەزار شوێنی مەدەنی زیانیان بەركەوتووە.
كۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئامارێكی نوێی زیانەكانی شەڕی لە سەرانسەری وڵاتەكە خستەڕوو رایگەیاند،لە ئەنجامی هێرشەكاندا 67 هەزار و 414 شوێنی مەدەنی لە سەرانسەری وڵاتەكە زیانیان پێگەیشتووە.لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەو ژمارەیە، نۆ هەزار و 218 یەكەی بازرگانین لە سەرانسەری ئێران و ئەوانەی تر یەكەی نیشتەجێبوونن، كە دەكاتە 58 هەزار و 196 یەكە.
بە پێی راگەیەندراوەكەی كۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، تەنیا لە پارێزگای تاران 18 هەزار و 180 شوێنی مەدەنی كە یەكەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەخۆدەگرێت، بەهۆی بۆردوومانەكانەوە زیانیان بەركەوتووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە سەرەتای جەنگەوە 236 ناوەندی تەندروستی، بنكەی فریاگوزاری یان لقەكانی مانگی سوور زیانیان بەركەوتووە، 498 خوێندنگا لە سەرانسەری ئێران زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها تا ئێستا 206 كەس لە خوێندكار، مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتی پەروەردە كوژراون و 154 خوێندكار و مامۆستای تریش بریندار بوون.