جارێكی تر هەرێمی كوردستان وعیراق كەوتنەوە بەر هێرشە درۆنییەكان ، بەڵام خۆشبەختانە توانراوە سەرجەمیان تێكبشكێنرێن و زیانی گیانیان لێنەكەوێتەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو تەنها لە ماوەی یەك سەعاتدا چوار درۆن لەئاسمانی فەرماندەی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگە لە سلێمانی خراونەتە خوارەوە و دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێزیش بیستراون، گرووپی ئەسحاب ولكەهفیش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكان بۆ سەر شاری سلێمانی راگەیاند .
هەر هەمان شەو هێرشێكی درۆنی لە هەولێر تێكشكێندرا و درۆنێكیش لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری كۆیە كەوتە خوارەوە و زیانێكی زۆری ماددی لێكەوتەوە بەڵام خۆشبەختانە هیچ كەسێك نەبووەتە قوربانی ، هاوكات جگە لە هەرێمی كوردستان بەغدادی پایتەختیش بێبەش نەبووە لەم هێرشانەو ناوچەی سەوز كراوەتە ئامانج .
هێرشی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێی ناوەتە 19 یەمین رۆژەوە و تارانیش لەوەڵامی ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەری بەردەوامە لەئاراستەكردنی مووشەك و درۆن بۆ ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست.