هەناردەی نەوت لە بۆری كوردستان - جەیهانەوە دەستیپێكردەوە

کوردستان 10:41 AM - 2026/03/18

رێككەوتنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەعات شەش و 30 دەقیقە هەناردەی نەوت لە وێستگەی سارالو بۆ بەندەری جەیهانی توركیا  دەستیپێكردەوە و بڕیاریشە رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل لە رێگەی ئەم بۆرییەوە هەناردە بكرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بڵاویكردەوە،بەیانی ئەمڕۆ ڕێكەوتی 18ی ئادار، سەعات شەش و 30 دەقیقە وەزارەت  بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەستی بە كارپێكردنی وێستگەی نەوتی سارالو بۆ گواستنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بۆ وێستگەی فیشخابوور كرد تا لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەندەری جەیهانی توركی لەسەر كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست بكرێت. 

رۆژی سێشەممە، وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بڵاًوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەردوولا رێككەوتوون لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك هاوتا لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەڕێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.

وەفدەكەی هەرێم  تەئكیدی كردوەتەوە ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی و شەراكەتی دەستوورییە و ئامانج لێی زیادكردنی داهاتی گشتی و چارەسەركردنی قەیرانی داراییە، بەتایبەتی بۆ دابینكردنی مووچە و بژێوی هاووڵاتییان لەم بارودۆخە هەستیارەی ناوچەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو