لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەكانی پارێزگاری هەڵەبجە، هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدانی كیمیاباران درووستدەكرێن و رەزامەندیش بۆ چارەسەركردنی زیاتر لە 60 بەركەوتووی چەكی كیمیایی بەدەستهێنراوە.
پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەكانی نوخشە ناصح پارێزگاری هەڵەبجە، بۆ خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، دوو دەستكەوتی گرنگ و ستراتیژی بۆ پارێزگاكە چوونە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەوانیش برییتین لە: وەرگرتنی رەزامەندیی رەسمیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەوەش بە مەبەستی دابینكردنی ژیانێكی شایستە و چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوونیان.
هاوكات لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، رەزامەندیی رەسمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەركردنی 64 بەركەوتووی چەكی كیمیایی بەدەستهێنراوە.
پارێزگاری هەڵەبجە دووپاتیدەكاتەوە، خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و بەجێگەیاندنی بەڵێنەكان بەرامبەر بەم شارە، گەورەترین ئەركی سەرشانیەتی و بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە رەواكانیان.