شەڕ و گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی پەككەوتنی گەشتی 4 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوەشاندنەوەی سەدان گەشتیش لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی، ئەمەش زیانی دارایی گەورەی بە كەرتەكانی گواستنەوەی ئاسمانی و بازرگانی گەیاندووە.
بەپێی داتاكانی كۆمپانیای (سیریوم) بۆ شیكاریی فڕۆكەوانی، تەنیا لە هەفتەی یەكەمی جەنگدا 25 هەزار گەشت لە كۆی 44 هەزار گەشتی پلان بۆ داڕێژراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشاونەتەوە، لەم نێوەندەشدا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی زۆرترین كاریگەریی بەركەوتووە.
سەبارەت بە عیراقیش، رۆژانە 700 فڕۆكە ئاسمانی عیراق بەكاردەهێنن، بۆ هەر فڕۆكەیەك 450 دۆلار وەردەگیرێت، كە داهاتەكەی مانگانە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، راگرتنی گەشتەكان و داخستنی ئاسمانی وڵات، عیراق لەم داهاتە بێبەش دەكات و دەبێتە هۆی گیرخواردنی هەزاران هاووڵاتی لە دەرەوەی وڵات.
بێگومان هەرێمی كوردستانیش بێبەش نەبووە لەم بارودۆخەدا، لە ماوەی نێوان 28ی شوبات تا 9 ی 3 ی 2026، لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی 5 سەد و 14 گەشت بەهاتوو و رۆیشتووەوە هەڵوەشاونەتەوە.
بەردەوامی ئەم جەنگە لێكەوتەی توندی لەسەر جووڵەی بازرگانی و هەڵاوسان دەبێت، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان تێچووی گواستنەوەی هاووڵاتیان زیاد دەكات و چالاكییەكانی بەشی (كارگۆ) بۆ گواستنەوەی كاڵای بازرگانی پەكدەخات، ئەم دۆخە زیانی زۆر بە كۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەكان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بێكاربوونی كارمەندەكانیان، لەلایەكی ترەوە داهاتی تەكسی فڕۆكەخانە، كۆمپانیاكانی دابینكردنی سووتەمەنی و خزمەتگوزارییە پەیوەستەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە.