لاوێکی شەرمێون بووم مێشکم دەدرا بە ماران
ئێستاش کە پیر و ماندووم دەرم دەکەن لە شاران
هەموو ساڵێک کە لە رۆژی ١٦/٣، یادی کارەساتی هەڵەبجە دەکەینەوە، بۆ چرکەساتێک کورتکراوەیەک لە هەموو مێژووی کورد دێتەوە بیر و خەیاڵمان. چونکە هەڵەبجە سیمبولی ستەملێکراویی گەلی کوردە، کە بە درێژایی مێژوو ستەمی لێ کراوە و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی دراوە.
سیمبولی خۆڕاگریی کوردە بەو مانایەی نە کیمیاباران و نە قڕکردن و نە بۆردومان و نە هیچ هەوڵێکی دڕندانە و دوژمنکارانەی دیکە ئیرادەی گەلی کورد تێکناشکێنێت و کورد تەسلیمی ئیرادەی کەس نابێت و بۆ ساتێکیش لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ناوەستێت.
سیمبولی بێ کەسییە، وەکچۆن کاتی خۆی لە ئاست ئەو کارەساتە مەزنەدا جیهان مت و بێدەنگ بوو. هەڵەبجە بیرمان دەخاتەوە کە دۆستایەتیی هەموو جیهان بکەین، بەڵام دواجار بەس خۆمان کەسی یەکتر و پشتوپەنای یەکترین.
هەڵەبجە سیمبولی ئاشتی و بیری ئاشتیخوازانەی کوردە، لە خۆڕانییە کە ئێستا پایتەختی ئاشتیی کوردستانە، سەرباری ئەو کارەساتە گەورەیە و ئەو هەموو ستەمە کورد بیر لە تۆڵە ناکاتەوە و رێگەی ئاشتی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
ئێستاش کە یادی ٣٨مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەینەوە و شەڕ و ئاڵۆزی سەرتاپای ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەرکی هەموو لایەکمانە یەکگرتووانە هەوڵ بۆ پاراستنی نیشتمانەکەمان لە هەڕەشە و مەترسییەکان بدەین و لە هەمان کاتیشدا پەیامی ئاشتیی هەڵەبجە و ئاشتیخوازیی کورد بە هەموو لایەک بگەیەنین.