حەیان عەبدولغەنی:نەوتی كەركوك بەبێ هەرێمی كوردستان هەناردە دەكەین

کوردستان 02:40 PM - 2026/03/16

پێدەچێت پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی عیراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەرێم و فیدراڵ جارێكی تر تێكبداتەوە، 

ئەمڕۆ دواجار حكومەتی فیدراڵی عیراق بڕیاریدا بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بەكارنەهێنێت، لەجیاتی ئەوەی بۆرییەكەی خۆی لەكەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهان نوێدەكاتەوە، بەڵام پرۆسەكە هەفتەیەكی تری پێدەچێت.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند: هەوڵدەدەین نەوتی كەركوك بەبێ تێپەڕبوون بە هەرێمی كوردستاندا هەناردەی بەندەری جەیهان بكەین.

وتیشی، نزیكەی 100 كیلۆمەتر لە بۆری نەوتی كەركوك- جەیهان ماوە پشكنینی بۆ ئەنجام بدرێت و تەنها لەماوەی یەك هەفتەدا پشكنینەكە تەواو دەبێت، وەزیری نەوتی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا دانوستان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ بەكارهێنانی بۆری نەوتەكەی بەردەوامە.

بەهۆی جەنگی ئەمریكا وئیسرائیل لەگەڵ ئێران دروستبوونی گرفت بۆ هەناردەی نەوتی عیراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، حكومەتی عیراق داوای لە هەرێمی كوردستان كرد رەزامەندی بدات لەسەربەكارهێنانی بۆری نەوتەكەی، بەپێی زانیارییەكان هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر رێگەدان بەهەناردەی نەوتی عیراق لەرێگەی بۆرییەكەوە چەند مەرجێكی خستووەتە بەردەم حكومەتی فیدراڵ.

پێشتر وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاندبوو: هەرێمی كوردستان ژمارەیەك مەرجی لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت داناوە و هیچ پەیوەندییان بە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت نییە.

وەزارەتەكە دەشڵێت، دەكرێت مەرجەكانی هەرێمی كوردستان دواتر لە كاتی هەناردەكردنەوەی نەوت تاوتوێ بكرێت.

هەروەها تەئكیدی لەوەكردبووەوە، دواكەوتنی هەناردەكردنی نەوتی عیراق دەبێتە هۆی بێبەشكردنی وڵاتەكە لە هەندێك سەرچاوەی دارایی وەك بەشێك لە قەرەبووكردنەوەی ڕاگرتنی هەناردەكردن لە بەندەرەكانی باشووری وڵاتەوە.

دوێنێش وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شەش خاڵدا روونكردنەوەی داوە و دەڵێت،  ئەوەی ڕاستی بێت لە راگەیەندراوەكەدا هەموو رەهەندەكانی كێشەكە باس نەكراون و بابەتەكەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستانیان داوە بۆ چەواشەكردنی رای گشتی.

دەشڵێت، حكومەتی ئێستای بەغداد لە مانگی یەكەوە گەمارۆیەكی خنكێنەری بە بیانووی جێگیركردنی سیستمی ئاسیكۆدا خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان و رێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەكان بەردەست بێت. لەوكاتەوە هیچ جووڵەیەكی بازرگانی نەماوە.

 وەزارەتەكە ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكان كردووە و رایگەیاندووە، میلیشیا لەیاسادەرچووەكان هەموو كێڵگە و پاڵاوگەكانی نەوت و غازیان كردووەتە ئامانج؛ لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێكی نەوتی لە كوردستان نەماوە تاوەكو هەناردەی دەرەوە بكرێت.

هەروەها سامانە سروشتییەكان رەخنەی تووندی لە حكومەتی عیراق گرتووە و دەڵێت، بەغدا ئامادە نییە رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە و تاوەكو ئێستا هیچ رێكارێكی كاریگەر بەدی ناكرێت بۆ وەستاندنیان.

 بڕیارە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق میوانداری وەزیری نەوت و وەزیری سامانە سروشتییەكان و بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) و لێپرسراوانی تری بواری نەوت بكات، بەمەبەستی پرسی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.

ئەگەر ئەم ناكۆكیە درێژە بكێشێت مەترسی هەیە، رێككەوتنی پێشووتری هەرێم و فیدراڵ گرفتی بۆ دروست ببێت و بەهۆیەوە عیراق ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو