بەهۆی راگرتنی حەواڵەی دۆلار لەلایەن بەغدادەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە گرانبوونی نرخی خۆراك و وەستانی جووڵەی بازرگانی، بڕیاریدا بەشێوەیەكی كاتی رێگە بە بازرگانان بدات لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانەوە حەواڵەی دۆلار بە نەختینە بكەن.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە ئیمزای ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە و ئاراستەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل كراوە،
كە لە سەرەتای كانوونی دووەمەوە حكومەتی فیدراڵیی عیراق حەواڵەكردنی دۆلاری بۆ بازرگانان لە رێگەی بانكەكانەوە راگرتووە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، ئەم دۆخە بووەتەهۆی دروستبوونی كێشە بۆ جووڵەی بازرگانی، كەمبوونەوەی داهات و زیادبوونی نرخی خۆراك لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، بەڵام تا گەیشتن بە چارەسەری كۆتایی، بڕیاریانداوە رێگە بە حەواڵەكردنی دۆلاری (نەختینە) بۆ بازرگانان لە رێگەی دەروازەكانەوە بدرێت.
بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، وەزارەتی دارایی پێنج رێكار و مەرجی بۆ بازرگانان دیاریكردووە، كە بریتین لە: پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن بازرگانانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكان،پێویستە لەگەڵ داواكارییەكەدا فاتوورەی كڕینی كاڵا بەشێوەی باوەڕپێكراو هەبێت.
پێشكەشكردنی مانیفێست و بەڵگەی پێویست كە بیسەلمێنێت كاڵاكە هاوردە كراوە، هەروەها دەبێت بەڵگەكان لەلایەن گومرگی دەروازەكەوە پشتڕاست بكرێنەوە و بە نووسراو ئاراستەی بانك بكرێن.
دوای دڵنیابوونەوە لە بەڵگەكان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانك رەزامەندی دەدات بۆ حەواڵەكردنی پارەكە بە شێوازی نەختینە لە رێگەی دەروازەكەوە.
بۆ ئەم پرۆسەیە، عمولەی بانكی بە رێژەی كەم لەسەر كرداری حەواڵەی دەرەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكانەوە وەردەگیرێت.