بەهۆی جەنگی سەر ئێران و مەترسیی فراوانبوونی ئاڵۆزییە ئەمنییەكان لە ناوچەكەدا، سێ كۆمپانیای بیانیی بواری وزە، بەرهەمهێنانی نەوتیان لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاتێكی نادیار ڕاگرت.
كۆمپانیای شاماران كە لە كێڵگەكانی نەوتی ئەترووش و سەرسەنگ خاوەن پشكە و بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن كێڵگەكان بەڕێوەدەبەن، بڵاویكردەوە كە ئاگاداركراونەتەوە كارەكانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن. كۆمپانیاكە رایگەیاندووە، ئەم بڕیارە بەهۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە و بە مەبەستی خۆپاراستن دراوە.
كۆمپانیای گەڵف كیستۆن كە كێڵگەی نەوتیی شێخانی بەدەستەوەیە، رایگەیاندووە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە و بە ئامانجی پاراستنی گیانی كارمەندەكانیان و دامەزراوەكانیان، بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو كێڵگەیەدا بە تەواوی راگرتووە.
ئەم هەنگاوەی كۆمپانیا نەوتییەكان دوای ئەوە دێت رۆژی شەممە كۆمپانیای دانەغاز كارەكانی لە كێڵگەی غازی سروشتیی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ راگرت.
راگرتنی كارەكانی ئەو كێڵگەیەش كێشەی گەورەی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا دروستكردووە، بەجۆرێك لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كارەبای نیشتمانی بڕاوە یان سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بۆ كەمترین ئاست دابەزیوە.