داهاتی نانەوتیی یەك هەفتەی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 19 لە ملیار دینار بووە.
ئەمڕۆ، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویكردەوە، داهاتی یەك هەفتە، بەدیاریكراوی لە رۆژی 21ی شوباتی ئەمساڵ تاوەكو 27ی شوباتی ئەمساڵ، بڕی 19 ملیار و 70 ملیۆن و 833 هەزار و 246 دیناری عیراقی بووە.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، 95%ی داهاتەكە كە داهاتی نانەوتییە بەشێوەی نەختینە و 5%ی بەشێوەی چەك بووە.
رۆژی 15ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2022، بە درووشمی بەسیستمكردنو دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتیان لە دامودەزگاكانی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كردنەوەی ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند. رۆژانە و هەفتانە ئەو داهاتانەی تێدا بڵاودەكرێتەوە كە نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە كۆدەكرێنەوە. نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی ماڵپەڕەكە دەكات.