کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئۆپۆزیسیۆنی ئوسترالیا : بچینە دەسەڵات ،كۆچبەرانی نایاسایی دیپۆرتدەكەینەوە

.

03:35 PM - 28/07/2015

زۆرینەی ئەندامانی پارتی كرێكارانی ئوسترالیا كەلە ئێستادا لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ووڵاتەن و یەكێكن لە دوو پارتە سەرەكیەكەی ئوسترالیا لەكۆنگرەی ئاسایی خۆیاندا دەنگیاندا بەوەی ئەوانیش وەك حكومەتی ئێستای ووڵاتەكەیان كەلەلایەن پارتی لیبراڵەوە سەركردایەتی دەكرێت پلانی جێبەجێكردنی سیاسەتی گێڕانەوەی بەلەمی پەناخوازان بۆ ئەو ووڵاتەی بەلەمەكەمانی لێوە هاتوون پیادە بكات لەچوارچێوەی پلانەكانیان بۆ حكومەتی داهاتووی ئەو ووڵاتە.
بیڵ شۆرتن ، سەرۆكی پارتی كرێكارانی ئوسترالیا ، ئەوەشی دووپاتركردەوەكە ئەوان پشتگیری سیاسەتێك ناكەن كە ڕێگە بە قاچاخچیەكان بدات پەناخوازان بچەوسێنەوە و بەبەلەمی قاچاخ ژیانی ئەو پەناخوازانە بخەنە مەترسیەوە كەل ڕابردوودا و لەسەردەمی حكومڕانی ئەواندا سەدان پەنابەری ووڵاتان بەگشتی و دەیان پەنابەری تری بەڕەگەز كورد لەپێش گەشتنیان بە ئوسترالیا بوونە قوربانی.
دەنگدان لەسەر پلانكە دەنگی ناڕەزایی لەناو خودی پارتەكە و لەسەر ئاستی جەماوەری ئەو ووڵاتەش دروستكرد بەجۆرێك كە بەشێكێك لە ئەندامە باڵاودیارەكانی پارتەكە لەدژی ئەو پلانە دەنگیاندا و لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیارەكەش خۆپیشاندان لەبەردەم كۆنگرەی پارتەكە لەلایەن خەڵك و ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافی پەنابەران دەستی پێكرد و بەتوندی ئیدانەی ئەو بڕیارەیان كرد.
بەگوێرەی بڕیارە پەسەندكراوەكە ، ئەگەر پارتی كرێكارانی ئوسترالیا بتوانێت حكومەتی داهاتووی ئەو ووڵاتە پێكبهێنێت، ئەوا ئەوانیش هاوشێوەی حكومەتی ئێستای ئەو ووڵاتە بەردەوام دەبن لە گرتن و گێڕانەوەی ئەو پەناخوازانەی كەبیانەوێـت بەقاچاخ ولەڕێگەی دەریاوە بگەنە ئەو ووڵاتە.
هاوكات ، بەرپرسێكی باڵای ئەو پارتە دان بەوەدا دەنێت كە پارەتەكەیان هەڵەی زۆری كردووە كاتێك لەدەستەڵاتدا بوون بەوەی كەلەسەردەمی حكومڕانی ئەواندا و بەهۆی نەبوونی سیاسەتێكی باش و تۆكمەوە بۆ بەگژداچوونەوەی قاچاخچیەكان چەندین كەس لەدەریاكانداو لەپێشگەشتنیان بە ئوسترالیا گیانیان لەدەستدا. بۆیە ، وەك ئەو بەرپرسە دەڵێت، ئەوان جارێكی تر گەر بچنەوە دەستەڵات ئەو هەڵانە دووبارە ناكەنەوە.
سیاسەتی گێڕانەوی بەلەمی پەناخوازان یەكێكە لەو پلانانەی كەلەلایەن حكومەتی ئێستای ئوسترالیاوە بەسەرۆكایەتی تۆنی ئەبۆت ، سەركردەی پارتی لیبڕاڵەوە ، پیادە دەكرێت بەمەبەستی ڕێگە گرتن لە كۆچی نایاسایی بۆ ئەو ووڵاتەو لە ماوەی دوو ساڵی جێبەجێكردنیدا تا ئێستا بۆتە جێگەی ڕەخنەی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی پەناخوازان و ئەو ڕێكخراوانە ئەو پلانە بە وەڵامێك نازانن بۆ بەگژداچوونەوەی قاچاخچیەكان. جگە لە سیاسەتی دیپۆرتكردنەوەی پەناخوازان ، حكومەتی ئێستای ئوسترالیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی ڕاگواستنی پەنابەرنیش جێبەجێ دەكات بۆ دوورگەكانی ناورۆ و پاپانیوگینیا و بەووتەی بەرپرسێكی باڵای پارتێكی تری ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ووڵاتە ،لەڕابردوودا نزیكەی 500 پەنابەری عێراقی ڕەوانەی ئەو دوو دوورگەیە كراون كە چارەنوسی بەشێكی بەرچاویان تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە