کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لیژنە هاوبەشەكانی سوپاسی هەندێك بازرگان دەكات

.

02:50 PM - 18/02/2018

بەهۆی بەسەرچوون و نەشیاوی بۆ خواردن و بەكارهێنان، بەشێك لە بازرگان و دووكاندارەكانی شاری سلێمانی لیژنە هاوبەشەكان لە هەبوونی كاڵاوشمەكی ماوەبەسەرچوو لە عەمبار و كۆگاكانیان ئاگادار دەكەنەوە، سەرۆكی لیژنەكەكانیش رایگەیاند بەنوسراو سوپاس و پێزانینیان ئاراستە دەكرێت .
گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ووتی: لە دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن چەند دوكان و بازرگانێكی شاری سلێمانی لیژنە هاوبەشەكانیان لە هەبوونی بڕێكی زۆر خۆراك و ماددەی خراپ و ماوەبەسەرچوو ئاگادار كردۆتەوە، یاخوود بەمەبەستی لەناوبردن كاڵاوشمەكەكانیان هێناوە بۆ قائیمقامیەتی سلێمانی.
گۆران قادر ووتیشی: بەمەبەستی پشكنین بۆ ئەو كاڵاوشمەكانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێت لیژنە هاوبەشەكان رۆژانە سەردانی دوكان و بازار و شوێنە گشتی-یەكان دەكات، تا لەرووی تەندروستی و ڤێرتنەری و نرخەوە لە كاڵاوشمەكەكان دڵنیا بنەوە، هەر شوێنێكیش خۆراك و ماددەی ماوە بەسەرچووی هەبێت رووبەرووی یاسا بكرێتەوە.
ووتیشی: بەسوپاسەوە بەشێك لە دوكاندار و بازرگانەكانی شاری سلێمانی وویژدانی خۆیان ئاسوودە دەكەن بەوەی كاڵاوشمەكە خراپبووەكان لەناوبەرن یاخوود بیهێنن بۆ قائیمقامیەتی سلێمانی بەمەبەستی لەناوبردن، هەروەها، قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەكان بەنوسراوی فەرمی سوپاس و پێزانینیان ئاراستە دەكات.
رایشیگەیاند: ئەو كاڵاوشمەكانەی دوكاندار و بازرگانەكان بەمەبەستی لەناوبردن رەوانەی لیژنە هاوبەشەكانیان كردووە جۆراوجۆرن، لە خواردن و خواردنەوە و مەوادی پاككردنەوە و جوانكاری پێك هاتوون، شیر و دایبی مناڵ یەكێك بووە لەو خۆراك و ماددە ماوەبەسەرچوانەی لەناوبراوون.
سەرۆكی لیژنەكە ئاماژەی بۆئەوەشكرد كە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەربە لیژنە هاوبەشەكان، سەرجەمی ئەو كاڵاوشمەكانە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێت.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان داوا لە هاوڵاتیان بەگشتی و خانمان بەتایبەتی دەكات لەكاتی بازاڕكردن و كڕینی كاڵاوشمەكانیاندا لە مێژووی دروستكردن و ماوەبەسەرچوونی شتومەكەكانیان دڵنیابنەوە، لەكاتی هەبوونی خۆراك و ماددەی ماوەبەسەرچوو لیژنە هاوبەشەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە.        
 
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە