کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سەرۆك كۆماری عیراق پیرۆزبایی لە كوردستانی نوێ‌ دەكات

.

09:29 PM - 12/01/2018

دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عیراق، لە یادی بیست و شەشەمین ساڵڕۆژی دەرچواندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێدا، پیرۆزبایی لە سەرنوسەر و خێزانی رۆژنامەکە کردوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
بەڕێز ستران عەبدوڵا سەرنوسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ
بەرێزان لە خێزانی کوردستانی نوێ
بە بۆنەی بیست و شەشەمین ساڵڕۆژی  دەرچواندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و سکرتاریەتی نوسین و رۆژنامەنووس و کادیرانی تەکنیسێن و کارگێڕیی رۆژنامەکەتان  دەکەم .هیوادارم کوردستانی نوێ کە لە سایەی کوردستانێکی نوێ و ئازاد دا لە دایک بوو، لەگەڵ داگیرساندنی مۆمی تەمەنی نوێی ژیانی رۆژنامەگەریی خۆیدا  زیاتر لە خەمی  تاوسەندن و گەشەسەندنی پانتایی و روبەری  ئازادیی بیروڕا و رەخنەی بنیاتنەر بێت کە لە سەرەتاکانییەوە پێی ناسراوە، ئێمەش کە شەرەفی خاوەنی ئیمتیازیمان پێ بڕاوە  هەمیشە  بە شانازییەوە هەر داکۆکیکار و پشتیوانی ئەو ئازادیی رادەربڕینەدە بین.
بەراستیی رۆژنامەی کوردستانی نوێ  لەسەرەتاکانیدا هەروەک ئێستاشی  رچەشکێنێکی دانسقە بووە لە رۆژنامەگەریی کوردیدا، کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەردەچێت، کەچی هەر بەتەنیا قەڵەمەکانی یەکێتیی تیایدا نانوسن بەڵکو هەموو قەڵەم و بیرە ئازادەکانی تریش جێگەیان بۆ کراوەتەوە و بابەت و نوسینەکانیان بێ سانسۆر  بڵاو دەبێتەوە، تەنانەت رەخنەو گازندەکانشیان لە  خودی (ی.ن.ک). ئەمەش ئەو نەریتە دیموکراسییخواز و ئازادیخوازانەیە کە سەرۆک مام جەلالی مەزن هەمیشە بانگەشەی بۆ کردوە و پشتیوان و هاوکار و داکۆکیکاری سەرەکیشی بوە، بەو هۆیەوە رۆژنامەکەتان زیاتر برەوی پەیداکردووە و گەشەی کردووە بوەتە خاوەنی ئەم ناوبانگەی کە ئێستا هەیەتی. 
ئومێد دەکەم کوردستانی نوێی یەکەمین رۆژنامەی رۆژانەی کوردیی درێژە بەو رێبازە پیرۆزەی خۆی بدات کە نەوەیەکی لەسەر راهێناوە و پەروەردە کردووە، لە رۆژنامەگەریی کوردییدا هەر ئەو پێگە رەسەن و درەوشاوەیەی هەبێت، هەر رۆژنامەی  هەموان و ،هەمو بیروڕا و روانین و جیهان بینییەکان بێت کە لەم بوارەدا نموونەیەکی جوان و شایستەی پێشکەشکردووە و بۆتە سەکۆی پێکەوە ژیان و پێکەوە گونجاندن لە هەموو بوارەکاندا . دیارە هەر ئەو گیانی کارکردنەش بوەتە فاکتەری سەرکەوتنی رۆژنامەکە  لە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان و گەیاندنی پەیام و ئامانجەکانی  (ی.ن.ک)  بە ریتمێکی رۆژنامەگەریی هاوچەرخ.
رۆژنامەی کوردستانی نوێ وەک چۆن لە پەیامە رۆژنامەییەکەیدا رۆڵی گرنگیی بینیوە لە بەگژاچوونەوەی دیکتاتۆرییدا ،لە عێراقی نوێشدا هەمان ئەرک رادەپەڕێنێت لەقوڵکردنەوەی گیانی تەبایی  و برایەتیی و پێکەوەژیانی بە ئاشتیی لە نێوان رۆڵەکانی گەلەکەماندا  و شادبوونی هەموو پێکهاتەکان بە مافە دەستورییەکانیان لە عێراقێکی دیموکراتی سەربەخۆی فیدراڵیی یەکگرتودا تیایدا  هاوڵاتیبوون لەسەر بنەمای ئەرک و مافەکانیان  بێت بێ جیاوازیی، بە تایبەتیی لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە کاری هاوبەش بۆ پاراستنی  مافەکانی هاونیشتمانەکانمان بە پێی پرەنسیبەکانی دەستور لەهەر کات پێویست ترە. 
پیرۆز بێت یادی بیست و شەشەمین ساڵڕۆژی دەرچواندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ ،هەر لە پێشکەوتن و درەوشانەوەی هەمیشەییدا بێت، سەرکەوتو بن.

دکتۆر فوئاد مەعسوم
سەرۆک کۆماری عیراق

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە