.
07:04 PM - 27/03/2024
هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی عیراق لە واشنتۆن کۆبونەوە و چەند پرسێکی گرنیان تاوتوێکرد و هەردوولا جەختیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند"هەریەکە لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە و لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆیانکرد کە خۆی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سودانی بۆ ئەمریکا کرد.
هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبونەوەکەدا ئەرکی هاوپەیمانان و رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی ئێستای سوریا گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە.
هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو، جەختیشکراوەتەوە لە بەردەوامی کاری لیژنەی باڵای سەربازیی ھاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان و بەرەوپێشبردنی زیاتری ھێزە عیراقییەکان.
هەر بەپێی زانیارییەکان و راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، وەزیرانی دەرەوەی عیراق و ئەمریکا، گفتوگۆیانکرد لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە یاسای بودجە و جەختیانکردەوە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئاماژە بەگرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال کرایەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە