.
08:30 PM - 01/12/2015
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) رایدەگەیەنێت: نابێت ئەم جەنگە وەك جەنگەكانی یەكەم و دووەمی جیهانی و جەنگی سارد بەبێ پڕۆژەی دیموكراسی كۆتایی پێبێت.
مەلا بەختیار لەگەڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك) لەگەڵ هەریەك لە ئالان تۆرێن بیرمەندی فەرەنسا و جیهان، ئەدۆنیس رووناكبیرو شاعیر، پرۆفیسۆر میشێل ڤیڤۆركا لە فەرەنسا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە د.عادل باخەوان و د.لوئەی جافو مەنسور تەیفوری، خوێندكاری دكتۆرا ئامادەیبوون، گفتوگۆ كرا لەبارەی تەوەرەكانی (فێندە مێنتالیزم و جەنگی دژ بە داعش، سیكولاریزم و دیموكراسی و ئاییندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆنفرانسی دابڕان و پرۆژەكانی داهاتوویی و دەوڵەتی ناسیونالیستی كوردی.
مەلا بەختیار جیاوازییەكانی نێوان ئایینی ئیسلام و مەسیحەییەتی خستەڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە لەئاییندەدا لەڕووی ستراتیژیو رەهەندی ستراتژییەوە پێكەوە دەگونجێنرێن.
ئاماژەی بەو پرۆژە جیاوازانە كرد كە لەسەد ساڵی رابردووداو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شكستیان خواردووە و وتی: یەكەم پرۆژە كۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری گەورە بوو، كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شكستی خوارد. دووەم پرۆژەش، پرۆژەی حكومەتەكان، كە بەناوی مەلەكی بوون، هەموویان شكستیان خوارد. پرۆژەی دەوڵەتی بەناو ناسیونالیستی و بەناو نیشتمانییەكانی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سێهەم پرۆژەیە، كە ئەوانیش شكستیان خوارد. هەروەها چوارەم پرۆژەش، كە لەوان مەترسیدارترەو ئەویش شكستی خواردووە، شكستی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و حزبە چەپو دیموكراتەكانە لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە نەیانتوانی دیموكراسی بەدیبهێننو خزمەتی دیموكراسیش بكەن.
تەئكدیی لەوەشكردەوە، نابێت ئەم جەنگە وەك جەنگەكانی یەكەم و دووەمی جیهانی و جەنگی سارد بەبێ پڕۆژەی دیموكراسی كۆتایی پێبێت .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە