کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دانوستانی ئێران و ئەمریكا لە مەسقەت بەڕێوەچوو

.

08:11 PM - 06/02/2026

 

 دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا‌و ئێران سەبارەت بە دۆسێیەی ئەتۆمی‌و هەڵگرتنی سزاكان لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، سەرەتایەكی باش بووە‌و تاڕادەیەك رێككەوتوون دانوستانەكان بەردەوامبن، بەڵام ئەو بڕیارە لەلایەن تاران‌و واشنتۆنەوە دەدرێت. 

ڕۆژی هەینی، وەفدی ئێران بە سەرۆكایەتی عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران‌و وەفدی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی  ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا‌و جارید كۆشنەر راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە مەسقەتی پایتەختی عومان كۆبوونەوە. 

بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، كۆبوونەوەكە 8 سەعات خایاندووە‌و چەند خولێكی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە لەنێوان وەفدی ئێران‌و ئەمریكا ئەنجامدراون. وتیشی، گفتوگۆكان سەرەتایەكی باش بووە‌و رێككەوتوون دانوستانەكان بەردەوامبن، بەڵام ئەو بڕیارە لەلایەن تاران‌و واشنتۆنەوە دەدرێت.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی عوممان ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی داهاتوو لە كاتێكی گونجاودا، لەسەر ئەنجامی هەڵسەنگاندن بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت. وتیشی، پابەندن بە پشتیوانیكردنی لێكنزیكبوونەوەی ئێران‌و ئەمریكا بەمەبەستی چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.

پێگەی هەواڵی ئەكسیۆس ئاشكرایكردووە، ئامادەكاریی دەكرێت بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا، خولێكی تری دانوستان لە نێوان ئەمریكا و ئێران، لە مەسقەت بەڕێوەبچێت.


هەروەها هەریەك لە وڵاتانی سعودیە، میسر، چین، ڕوسیا‌و بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی دانوستانەكانی نێوان ئێران‌و ئەمریكا دەربڕی.

واشنتۆن پێداگری كردووە كە دەبێت جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی، دۆسیەی موشەكە بالیستییەكانی ئێران‌و پشتیوانی كردنی گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام تاران تەئكیدی كردووەتەوە كە تەنها لەسەر پرسی ئەتۆمی‌و لابردنی سزاكان دانوستان دەكات.








 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە