.
01:30 PM - 10/01/2026
حكومەتی ئەمریكاو ئۆكرانیا رێككەوتنێكی دوولایەنە لەسەر ئاوەدانكردنەوەی ئۆكرانیا لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگ بەبڕی 800 ملیار دۆلار و گەرەنتی ئەمنی ئیمزا دەكەن.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی ئاشكرایكردووە، رەنگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلێنسكی كۆببێتەوە و تیایدا هەموو وردەكارییەكانی رێككەوتنەكە تاوتوێ بكەن.
بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا 800 ملیار دۆلار كۆبكرێتەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئۆكرانیا.
بەپێی ڕۆژنامەكە، زیلێنسكی ئامادەیی پیشانداوە لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن كۆببێتەوە، بەڵام سەركردەكانی ئەوروپا رێگرییان لە گەشتەكەی كردووە و داوایان لێكردووە لە داڤۆس لەگەڵی كۆببێتەوە، هەروەها ئامۆژگارییان كردووە پەلە نەكات لە دانوستان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا.
كۆڕبەندی ئابووری جیهانی، ساڵانە لە داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، تێیدا بازرگانان و سیاسەتمەداران و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەكان بەشداردەبن. ئەندامێتی كۆڕبەندەكە لە نزیكەی هەزار كۆمپانیاو رێكخراوی گەورە پێكدێت، بڕیاریشە كۆڕبەندەكە لە 19 تا 23ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە