.
10:14 PM - 24/12/2025
بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی، لە دوای جێبەجێكردنی (پرۆژەی رووناكی) خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بە رێژەی سەدا 42 كەمیكردووە
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە و تێیدا هاتووە، بەراورد بە هەمان كاتی ساڵی رابردوو، رێژەی بەكارهێنانی كارەبا زیاتر لە 800 مێگاوات كەمی كردووە و بە تێكرا 14 سەعات كارەباش دەدەنە ئەو شوێنانەی بەشدارنین لە پڕۆژەی رووناكیدا. ئەندازیار، غالب محەمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، لە مانگی 12ی ساڵی 2024، خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بەتێكڕایی هەزار و 912 مێگاوات بووە و لەو مانگەدا بەتێكڕایی 8 سەعات و 31 دەقیقە كارەبا بە هاووڵاتیان دراوە
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمساڵ دوای جێبەجێكردنی (پرۆژەی رووناكی) لە مانگی 12 خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بەراورد بە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەزیوە بۆ هەزار و 107 مێگاوات، بەوەش خواست لەسەر كارەبا بەرێژەی سەدا 42 كەمیكردووە، دەشڵێت، ئەو شوێنانەی لەچوارچێوەی پرۆژەی رووناكیدا نین، بە بەردەوام لەم مانگەدا بەتێكڕایی (14) سەعات كارەبایان هەبووە. كارەبای سلێمانی هۆكاری كەمبوونەوەی خواستی لەسەر كارەبای بۆ ئەوە گێراوەتەوە، ئێستا هاووڵاتیان هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن، ئەوەشیان خستوەتەڕوو، كە كارەبا بەردەوام بێت، سیستم و تۆڕی كارەبا سەقامگیرتر دەبێت و كێشە كەمتر دەبێت، ئەمەش وادەكات بەردەوام كارەبا هەبێت و خواست كەم ببێتەوە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە