.
08:20 PM - 08/09/2025
لەگەڵ وەفدی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لۆتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی ئابووریی ئەمریکا _ عیراق، گفتوگۆمان کرد لەبارەی چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی نێوان کوردستان و ئەمریکا.
باسمان لە هەوڵەکانمان کرد لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازیدا، چونکە ئەم گەنجە بەهرەمەند و داهێنەرانەن کە دەتوانن ڕۆڵ ببینن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و هەروەها لە رێگەی تواناکانیان لە بواری تەکنەلۆژیادا بەشداردەبن لە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کوردستان.
ئاماژەمان بەوەشدا بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان کوردستان و ئەمریکا یارمەتیدەرمان دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان کە دەمانەوێت لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان هەم وەک ناوەندێکی گرنگی ئابووری و هەم وەک ناوەندێکی گرنگی تەکنەلۆژیا لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.
زۆر دڵخۆش بووین بە سەردانی ئەم وەفدە بازرگانییەی ئەمریکا و بە دڵنیاییەوە لە کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە هەیە کە ببێتە هاوبەشێکی گرنگی بازرگانیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە