.
10:30 AM - 12/01/2022
بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی لە كوردستانی نوێ دەكات
بەڕێزان سەرنووسەر، میدیاکاران، نووسەران و خێزانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ.
بەبۆنەی سی ساڵەی دەرچواندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم، ھیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
کوردستانی نوێ وەک یەکەم میدیای نووسراوی دوای راپەڕین، دەستپێشخەرییەکی تری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ ھەرێمی کوردستان و نووسەران و خوێنەران، کە بەدرێژایی سێ دەیەی تەمەنی بەرپرسیارانە و پیشەییانە خزمەتی کردووە و سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ھەواڵ و زانیاری بووە و وەک مینبەرێکی سەنگین پەیامی میدیایی گەیاندووە، کە رەنگدانەوەی بیر و قەڵەمی جیاوازی ھەمەچەشنەی کوردەواری بووە، کە ئەمە ئەو تایبەتمەندییە بووە ئەم میدیا ئازیزەی پێناسراوەتەوە.
ئەمڕۆ راگەیاندنی یەکێتی، کە لە سەروبەندی کۆکردنەوە و رێکخستنەوە و یەکخستنی خیتابی میدیایدایە، کوردستانی نوێ ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە کە بەپێی پێویستی قۆناغەکە خۆی نوێبکاتەوە و بە سیاسەتێکی نوێشەوە درێژە بە خزمەتەکانی بدات، و ببێتە سەکۆی کۆکەرەوەی ھەموو رۆژنامەنووسان و نووسەران و خاوەن بیروبۆچوونە جیاوازەکان و پێکەوە لە خزمەت بیری ئازا و ئازاد و بوێر بن، بۆ ھەنگاوەکانی داھاتووشتان ھاوپشت و ھاوکارتان دەبم.
دووبارە پیرۆزتان بێت.
ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەتووبن.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
١٢ی ١ی ٢٠٢٢
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە