کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ستایشی خۆڕاگری مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆكان دەكات

.

06:30 PM - 08/02/2021

ئەمڕۆ 8-2-2021، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەنووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی، پێشوازیكرد لە سەرۆكی سەرجەم زانكۆ حكومییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان، لەدیدارێكدا گفتوگۆی وورد كرا لەبارەی دۆخی ناوەندەكانی خوێندنی باڵا و پرۆسەی خوێندن لە ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكان دا.
لەو دیدارەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، رۆشنایی خستەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری بەگشتیی و پرۆسەی خوێندن و كێشەكانی بەتایبەت، لەو ڕووانەشەوە سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی روونكردەوە بۆ تێپەڕاندن و چارەسەركردنی كێشەكان و هاوكاریكردنی ناوەندە زانستیی و ئەكادیمییەكان، باسیشی لەگرنگی دیدارەكە كرد بۆ زانینی كێشەو ئاستەنگەكانی ناوەندەكانی خوێندنی باڵا و هەنگاوەكان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو ناوەندانە.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ستایشی خۆڕاگریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكانی كرد كە سەرباری قەیرانەكان، نەیانهێشتوە پرۆسەی خوێندن پەكی بكەوێت و پەرۆش و بەردەوامبوون لەجێبەجێكردنی ئەركەكانیان و پێگەیاندن و فێركردنی خوێندكاران.
دواتر و لەگفتوگۆیەكدا سەرۆكی زانكۆ حكومییەكان كێشەكانی زانكۆكانیان و سەرنج و پێشنیازەكانیان خستەڕوو، بە مەبەستی چارەسەركردن و پێشخستنی ئاستی زانستی و توێژینەوە لەزانكۆكاندا، لای خۆشیەوە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانی خۆی بۆ داواكانیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان دووپاتكردەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە