کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی سێناتی ئەمریکا کۆبووەوە

.

04:06 PM - 04/05/2024

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی سێناتی ئەمریکا کۆبووەوە

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە وەفدێکی سێناتی ئەمریکا  کە پێکهاتبوو لە سیناتۆر تێد باد، سیناتۆر جۆنی ئێرنتس و وەفدێکی یاوەریان و  لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

 

لە کۆبوونەوەکەدا رۆژی شەمە ( ٤ی ئایاری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و هەر یەکە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەش لە هەرێم ئامادەی بوون. وەفدەکەی سێنات پشتگیری ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد سەردانەکەیان نیشانەی پابەندیی ئەمریکایە بە گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

 

جێگری سەرۆک وەزیران، سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.

 

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان گرنگ و پێویستە بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەوپێیەی هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەکێتی بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و رایگەیاند؛ هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت و جگە لەوەش پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم دەخاتە مەترسییەوە. 

 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا بەرەوپێشچوون لەبارەی پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەیە. وتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە