عیماد ئەحمەد
لە مانگی چواری ساڵی 1998دا، بە سەروکایەتی رەوانشاد مام جەلال، وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تارانی کرد. ئەو سەردانە لەکاتێکدا بوو کە عیراق لەژێر دەسەڵاتی رژێمی دیکتاتۆریی سەدام حسێندا دەیناڵاند و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی هەوڵی هاوبەشی بۆ رووخاندنی ئەو رژێمە دەدا. ئامانجی سەردانەکەش پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و مسۆگەرکردنی پشتیوانیی و هاوکاریی زیاتر بوو. لەو چوارچێوەیەشدا لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەوکاتەی ئێران، کۆبوونەوەمان هەبوو. کۆبوونەوەکە تایبەت و جیاواز بوو؛ نەک تەنیا بەهۆی گرنگیی سیاسی قسەکانەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو فەزا فکری و رۆشنبیرییەوەی کە لەناو کۆبوونەوەکەدا دروست بوو. لە لایەکەوە مام جەلال کە بە بیرۆکەی نیشتمانیی و نەتەوەیی و چەپ و تێڕوانینی فراوانی سیاسی ناسرابوو، لە لایەکی دیکەشەوە ئاغای خاتەمی کە بە بانگەشەی « ریفۆرم» و دیدی چاکسازیی ناوخۆیی ناودار بوو، هەردووکیان لەسەر یەک مەسەلە، بەڵام بە دوو دیدی جیاوازەوە گفتوگۆیان دەکرد.
ئەوەی زیاتر هەستی پێ دەکرا، رێز و بایەخی زۆری سەرۆک خاتەمی بوو بەرامبەر مام جەلال. لە شێوازی قسەکردن و گوێگرتن و وەڵامدانەوەکەیدا ئەو رێزە بە ئاشکرا دەردەکەوت. بۆ ئێمەی بەشداربووی ئەو دیدارە، ئەو فەزایە پاڵنەری هەستکردن بە سەربەرزیی و هێزی مەعنەوی دروست دەکرد؛ هەستێک کە نیشانەی ئەوە بوو چۆن بە رابەرایەتی رەوانشاد مام جەلال و دەربڕینە نەرم و لۆجیکییەکەی، دەنگی کورد لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییشدا بەبایەخەوە گوێی لێ دەگیرا.
لە ناو ئەو کۆبوونەوەیەدا، بۆ پشتگیریی لە بیرۆکەیەک کە باس دەکرا، سەرۆک خاتەمی حیکایەتێکی فەلسەفی بۆ گێڕاینەوە، وتی: لە یونانی کۆندا فەیلەسوفێک هەبوو بە ناوی «کەلبی»، ئەو پیاوێکی زانا و راستگۆ و نەترس بوو؛ کەسێک کە لە خۆشییە مادییەکانی ژیان دوور کەوتبووەوە و بە ژیانی سادە و سەربەخۆ رازیبوو. کەلبی ناسناوی دیۆجینسی سینوب بوو لە لە ساڵی(412پ-ز) لەدایکبووە و لە ساڵی (323پ-ز) لە ئەسینا کۆچی دوایی کردووە. دەگوترێت کەلبی لە ئەشکەوتێکدا دەژیا و تەنیا جامێکی هەبوو بۆ خواردنەوەی ئاو. رۆژێک دەبینێت سەگێک بە زمان لە جۆگەیەک ئاو دەخواتەوە، ئەو بینینە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دەکات؛ جامەکەی فڕێدەدات و دەڵێت: «سەگ فێری کردم کە پێویستیم بەوەش نییە!»، لەم رەفتارەوە ناونیشانی «کەلبی»ی وەرگرت. رۆژێک کەلبی لەبەر تیشکی هەتاو دانیشتبوو، ئەلکسەندەری گەورە سەردانی دەکات، پاش ناساندنی خۆی، پێی دەڵێت: «داواکاریت چییە؟ چیت دەوێت بۆت بکەم؟» وەڵامی فەیلوسوفەکە سادە و پڕ واتا دەبێت کاتێک دەڵێت: «تەنیا خۆت لابە، با تیشکی هەتاوەکە بەرم بکەوێت.» ئەم وەڵامە، بە رووکەش سادە دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکیدا پەیامێکی قووڵی هەیە، واتە ئەو کەسەی بە ئازادیی ناوخۆی گەیشتووە، پێویستی بە دەسەڵات و سامانی ماددی نییە. هێزی راستەقینە لە سەربەخۆیی و قەناعەت و ئازادیی و نەترسییدا دەبینێت.
ئەو حیکایەتە لە فەزای سیاسیی ئەوکاتدا تەنیا باسێکی مێژوویی نەبوو؛ بەڵکو وەک نموونەیەک بۆ رەوشی ئیستاش پێویستە کە سێبەری گەلەگورگەکان نەمێنێت و تیشکی هەتاومان بەربکەوێت و بە مافی رەوای گەلەکەمان شاد بین. لەم بارودۆخەدا، پەیامی ئەو دانایە دەبێتە پەیامی نەتەوەیەک: «سێبەرەکانتان لابەن، با تیشکی هەتاومان بەربکەوێت.» واتە: ئەگەر بڕیارەکانمان بە دەستی خۆمان بێت، حەزدەکەین چارەنووسمان لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئەوانیتردا نەبێت و رێگەبدەین هێزی ناوخۆی خۆمان بدرەوشێتەوە.
ئەم پەیامە بانگەشەی دوورکەوتنەوە لە جیهان نییە، نە بانگەشەی دوژمنایەتیشە؛ بەڵکو داوای رێزگرتنە لە ماف و هەبوونی نەتەوەیەک. هەروەک کەلبی نەیویست لە ئەسکەندەر شتێکی ماددی وەربگرێت، بەڵکو تەنیا داوای ئەوەی کرد کە رێگە لە تیشکی هەتاو نەگرێت، گەلێکیش کە بە ئاگایی و ویستی خۆی دەژی، تەنیا داوای ئەوە دەکات کە مافەکانی پێناسە بکرێن و رێگریی لە گەشەکردن و بڕیارەکانی نەکرێت.
لە سەروبەندی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە و جیهاندا، کە هاوکێشە سیاسییەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن، ئەم وانە فەلسەفییە هێشتا نوێیە. هێزی راستەقینە تەنیا لە ژمارەی سەرباز و سامانی ئابووریدا نییە؛ بەڵکو لە ویستی ئازادیی و یەکریزیی گەل بۆ گەیشتن بە ئامانج و پاراستنی هەرێمی کوردستانیشدایە. ئەو رۆژە لە کۆشکی کۆماریی تاران، لەنێوان گفتوگۆی سیاسی و بیرۆکە فەلسەفییەکاندا، هەستمان بە ئەو راستییەکرد، ئەگەر ئەمڕۆ خۆمان باوەڕمان بە راستی و دروستی مەسەلەکە و هێزی ناوخۆی خۆمان هەبێت، ئەگەر قەناعەت بە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆمان بکەین، شوکور هەتاو هەمیشە هەیە و دڵنیاین بەرماندەکەوێت.