عیماد ئەحمەد
لە هەندێ ساتی ژیاندا، مرۆڤ پێویستی بە هیچ شتێک نابێت، جگە لە تەنهایییەکی پاک، باخچەیەکی بێدەنگ، کورسییەک لە ژێر سێبەری دارێک، و دڵێک کە ئامادە بێت گوێ لە دەنگی ناوخۆی خۆی بگرێت. لەوێ، لە ناو بۆنی گوڵ، ساردیی هەناسەی ئێوارە و فڕینی ئارامیی باڵندەکاندا، دەنگەکانی دەرەوە هێدی هێدی ون دەبن؛ بەڵام دەنگێکی تر دەست پێدەکات: دەنگی ویژدان، دەنگی ئەو بیرەوەرییانەی ساڵانێکە لە قووڵایی ناخدا حەشار دراون.
مرۆڤ زۆرجار وا دەزانێت تەمەنی بە ساڵ ژمێردراوە، بەڵام ژیان لە ژمارەی ساڵەکاندا کورت نابێتەوە. دانایان دەڵێن: مرۆڤ بەو ساتانە دەژی کە هەستی پێکردوون، نەک بەو ڕۆژانەی تەنها تێپەڕیون. لەبەر ئەوەیە هەندێک یادی منداڵی، لە تەمەنی پیریشدا هەر گەرم و زیندوو دەمێنێتەوە، و هەندێک برین، دوای دەیان ساڵیش، هەر تازەیە و هەست پێدەکرێت.
لە سووچێکی باخچەدا، کاتێک چاوت لە گوڵێک دەکەوێت کە بە ئارامی سەری بەرز کردووتەوە بەرەو ئاسمان، یادت دێتەوە، ژیانیش هەر وا بووە؛ جارێک نرم و ناسک، پڕ لە بۆنی خۆشی، و جارێکیش توند و پڕ لە دڕکی ئازار. خۆشی و ناخۆشی وەک دوو ڕووی یەک ڕاستین؛ ئەگەر یەکێکیان نەبێت، بەهای ئەوی تر ناناسرێت.
لەو ساتەدا کە باڵندەکان لەسەر لقەکان جیوەجیو دەکەن، هەست دەکەیت لە ناو خودیشتدا نەغمەیەک هەیە؛ ئاوازێک، هەندێجار پڕ لە ئارامی، هەندێجاریش پڕ لە گێژاو و ناکۆکی، چونکە مرۆڤ تەنها لەگەڵ جیهانی دەرەوە تێناکۆشێت، بەڵکو زۆرجار گەورەترین ململانێی لە ناو خۆیدا دەست پێدەکات؛ لە نێوان سۆز و عەقڵ، وریایی و ئارەزوو ، یادەوەری و هیوا.
بیرەوەری زۆرجار دەمانباتە سەر ڕێگای ئەو هاوڕێیانەی جارێک پێکەوە پێکەنیوین، یان ئەوانەی لە شەڕ و تاقیکردنەوەکانی ژیاندا جێیان هێشتووین. هەندێکیان بە بۆنی بارووت لە یادماندا ماون، هەندێکیانیش بە بۆنی کتێب، بە قسەیەک، بە خەندەیەک، یان بە سەرنجێکی بێدەنگ. لەو ساتانەدا دڵی مرۆڤ دەبێتە مۆزەخانەیەکی بچووک، کە هەر وێنەیەک لە ناویدا چیرۆکێکی تەواو هەڵگرتووە.
مرۆڤ ئەگەر بیرەوەری نەبێت، بێڕەگ دەبێت؛ چونکە بیرەوەری تەنها سەردانی ڕابردوو نییە، بەڵکو پاراستنی ناسنامەیە. بەڵام مرۆڤی دانا لە وێستگەی ڕابردوودا ناوەستێت؛ ئەو لە ناو هەموو برین و یادەکاندا، هێشتا پشت بە ئایندە دەبەستێت. چونکە ژیان بە مردن کۆتایی نایەت؛ بە لەبیرکردن کۆتایی دێت.
لە ژێر سێبەری دارێکی بەرز و پڕگەڵا لە زانکۆی سلێمانی، گفتوگۆیەک لە نێوان سێ خوێندکاری قۆناغی چواری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان گەرم بوو. شنەبایەکی هێمن، دیالۆکەکەیان هەڵگرد و دەهات بەرەو لای من، لە نزێک گوێم قسەکانیان هەڵیرشت و رۆی، منیش بە بێدەنگی گوێم لە بۆچوونەکانیانم گرد.
ئاسۆ گوتی:
مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی ڕەگ و مێژووەکەیەوە دەتوانێت ناسنامەی خۆی بدۆزێتەوە.
ڕێبین :
ڕابردوو و داهاتوو وەک سێبەرن؛ تەنها حەقیقەت ئەم ساتەیە کە تێیدا دەژین، و دەبێت دەرفەتەکان بقۆزینەوە.
ژوان :
ژیان تەنها لە بونیادنان و جوڵە بەرەو ئاسۆیەکی نوێ مانای هەیە، مەیل ، تاسەیە بۆ گەیشتن بە کامڵبوون.
منیش بە بێدەنگی گوتم:
ژیانی دروست لە کۆکردنەوەی هەر سێ ڕەهەندەکەدایە: ڕابردوو وەک ئەزموون، ئێستا وەک کارکردن، داهاتوو وەک ئامانج. مرۆڤ کاتێک سەرکەوتووە کە ڕابردوو نەکاتە زیندان، بەڵکو بیکاتە چرایەک بۆ بینینی ڕێگەی سبەی.
کوورتێکەی؛ مرۆڤ لە نێوان گوڵ و ئاسمان و باڵندەکاندا دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە سۆز بەبێ عەقڵ کوێرە، و عەقڵ بەبێ سۆز ڕەقه و ساردە. وریایی ئەو ڕووناکییەیە کە ناهێڵێت هیچکامیان مرۆڤ بەرەو ونبوون ببات.
ژیان وەک کوورتە رۆمانی ئێرنێست هەمینگوەی(پیرەمێرد و دەریا) وایە؛ دەستپێکی هەیە، ناوەندی هەیە و کۆتاییەکی هەیە. بەڵام ئەوەی لە دوای هەموو شتێک دەمێنێتەوە، تەنها وشەکان نییە؛ بەڵکو ئەو هەستەیە کە لە دڵی خەڵکدا بەجێمان هێشتووە.
لە کۆتایی هەر تەمەنێکدا، مرۆڤ بە ژمارەی ساڵەکانی ناپێورێت؛ بەو یادانە دەپێورێت کە لە دوای خۆی چێیهێشتوە. ئێمە بەوە دەناسینەوە کە چۆن ژیاوین، کێمان خۆش ویستووە، لە کێ فێر بووین، بۆ کێمان فرمێسک ڕشتووە، و چ ڕووناکییەکمان لە دوای خۆمان بەجێهێشتووە.
چونکە ژیان، لە کۆتاییدا، تەنها ئەوە نییە کە بەسەرماندا تێپەڕیوە؛ بەڵکو ئەوەیە کە لە ناخی ئەوانی ترماندا زیندوو ماوەتەوە. بیرەوەریش ئەو دەنگەیە کە کات بێدەنگی دەکات، بەڵام ڕۆح هەرگیز لەبیری ناکات.