لەتیف نێروەیی 17/9/2023

بڕیاردان لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەنێكی راوێژكاری لە دەڤەری بەهدینان، كە راستەوخۆ سەر بە مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال دەبێت، بڕیارێكی سەرپێی و تەنها بۆ دڵخۆشكردنی هەڤاڵانی ئەو دەڤەرە نییە، بەڵكو لە ئەنجامی هەڵێنجانی دۆخی جیۆسیاسی، شێوازی حكومڕانی و هەڵسەنگاندنی رێكاری ئۆرگانی ئەو دەڤەرە و كیۆماڵكردنی رەخنە و پێشنیار و سەرنج و تێبینییەكانی هەڤاڵانی بەهدینانە لەكاتی دیداری یەكێتی و لە قۆناغی دوای دیدارەكە هاتووەتەدی، بەمەش یەكێتی لەو دەڤەرە پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێ، چونكە: 
ـ لە سنوری بەهدینان بەرزترین ئۆرگانی یەكێتی مەڵبەندە و بەمەش ناهاوسەنگی لەنێوان ژمارەی ئۆرگان و رێژەی كادیراندا هەیە، بۆیە دەرفەت ناڕەخسێت كە رێژەیەكی زۆری تێكۆشەران و كادیرانی یەكێتی ئەركدار بكرێن، ئەمەش وایكردبوو كە بەهۆی نەبوونی ئەركی پێویستەوە نەك هەر سود لە توانا و ئەزموون و مەعریفەی بەشێك لە كادیرانی دەڤەرەكە نەبینراوە، بەڵكو هەندێکجار خۆیان بە پەراوێزخراو و فەرامۆشكراو بینیووە، بۆیە ئەم ئەنجومەنە دەبێتە چەتری كۆكەرەوە و ئەركداركردنی تێكۆشەرانی دەڤەرەكە.
ـ بەم بڕیارە هەموو هەڤاڵان وەكو یەك تیم بە رێكارێكی نوێ هەوڵی سەرخستنی ئەركەكانی مەڵبەندەكانی ئەو سنورە دەدەن. 
ـ كۆتایی بە پەراوێزخستنی بەشێكی زۆر لە تێكۆشەر و كادیرە پێشكەوتوەكانی دەڤەرەكە دێت و بۆ لەومەودوا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ یەكێك لە گرنگترین ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن.
ـ لەمەودوا بە شێوازی تیم و ئۆرگان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی بەهدینان دەكرێت نەك لەسەر بنەمای تاك و هەڵسەنگاندنەكان بابەتیانەتر دەبێت. 
ـ ئەنجومەنی راوێژكاری دەبێتە پردێكی ئۆرگانی و رێكخراوەیی نوێ كە تێكۆشەرانی دەڤەرەكە راستەوخۆ بە ئۆرگانە باڵاكانەوە دەبەستێتەوە.
ـ گرنگییەكی دیكەی ئەم ئەنجومەنە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە یەكێك لە راسپاردەكانی دیداری یەكێتی لە سنوری دەڤەری بەهدینان جێبەجێ دەكرێت، چونكە پێشنیار كراوە بۆ هەر ناوچەیەك بەپێی هەلومەرجە هەمەجۆرەكانی خۆیان دەكرێت‌ ئۆرگانێكی نوێ بكرێتەوە. 
ـ پێكهێنانی ئەنجومەنی راوێژكاری لە دەڤەری بەهدینان بە بڕیاری هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی نیشانەی گرنگیدانی یەكێتییە بە دەڤەری بەهدینان و لە نزیكەوە چاودێریكردن و هەڵسەنگاندنی ئەركی هەڤاڵان و دروستكردنی پردێكی راستەوخۆی ئۆرگانییە لەگەڵ هەڤاڵانی بەهدینان.

وتارەکانی نوسەر