لەتیف نێروەیی
لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، كە هەر زوو بڵێسەی ئاگری شەڕەكە (14) وڵاتی ناوچەكەی گرتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنێكی وردی لۆژیكی و عەقڵانی بۆ پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و تێگەیشتن لە هەستیاری و مەترسییەكانی شەڕەكە و بە سودوەرگرتن لە پەند و ئەزموونە مێژووییەكان، بەر لە هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانی و عیراقییەكان، بڕیارێكی دروست و یەكلاكەرەوەیدا و بە رەسمی و بەشێوەی راستەوخۆ رایگەیاند كە نابینە بەشێك لە شەڕەكە و بژاردەی بێ لایەنیی بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق باشترین بژاردەیە و بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری و مسۆگەركردنی گەیشتن بەیەك هەڵوێستی لەسەر ئەو سیاسەتە، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی یەكسەر سەردانی بەغدادی كرد و پەیامە رەسمییەکەی حزبەکەی خۆی بە سەرۆك وەزیران و سەركردە باڵاكانی لایەنە سیاسییەكانی عیراق گەیاند و تیایدا گرنگی ئەم بژاردەیە و هەروەها زیانەكانی لایەنگیری بۆ شەڕەكە خستەروو، بەهەمان شێوە لەرێی دیدار و پەیوەندی تەلەفۆنیەوە هەمان سیاسەتی بە لایەنە كوردستانییەكان گەیاند، لەسەر ئاستی باڵای ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش لەرێی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكا و ئێران و توركیای لەوە دڵنیا كردنەوە كە ئێمە نابینە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندی هیچ وڵات و لایەنێك و داوا دەكەین لەرێی ئاشتی و دانوستانەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت، هەروەك لە دوو دیداری تەلەفزیۆنیدا رایگشتی بەو بڕیار و سیاسەتەی یەكێتی ئاشنا كرد و رایگەیاند كە نابینە بەشێك لە شەڕەكە و بێلایەنی هەڵدەبژێرین.
گرنگی بڕیارە دروستەكەی یەكێتی بۆ هەرێم و عیراق بەگشتی
ـ بۆبەبناغەو هەوێنی هەڵوێستێكی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا و دروستكردنی رایەكی گشتی لە سەر پشتگیریکردن لەبژاردەی بێلایەنی و دورکەوتنەوە لە جەنگەکە .
ـ ناخوازین ببینە بەشێك لە شەڕەكە، چونكە لە ئەگەری ئەوەی كە ببینە بەشێك لەو شەڕە، ئەوكاتە لەنێوان دوو دۆستی ستراتیژی عیراق و هەرێم، نەك هەر یەكێك لەو دوو دۆستە لەدەست دەدەین، بەڵكو یەكێك لە دۆستە كاریگەرەكانی خۆمان دەكەین بە دوژمنی سەرسەختی خۆمان و ئەو دوژمنایەتییە زیانێكی گەورە و درێژخایەن بە گەل و وڵاتەكەمان دەگەیەنێت و راستكردنەوەی ئەو هەڵە ستراتیژییە بە ئاسانی نایەتەدی.
ـ بریارێکی گرنگ و دروستە چونكە بە بەشداریکردن لەشەڕەکەدا ناتوانین بازنەی ئاڵنگارییەكانی هەرێم و بەغداد بەرتەسك بكەینەوە و پانتایی دەرفەتەكان فراوانتر بكەین، هەروەك ناتوانین ئاڵنگارییەكان بگۆڕین بە دەرفەت بۆ گەل و وڵاتەکەمان .
ـ دەبێ خۆمان دورەپەرێزبگرین لە ئاگری شەرەکە چونكە هەر هەنگاوێک پێچەوانەی ئەو بریارە بهاوێژین ، شیرازەی بەرپرسیارەتیی هاوبەش و یەك هەڵوێستی لەنێوان هەرێم و بەغداد تێكدەچێت و ناوچەکە دەبێتە مەیدانی شەرەکەو تەرو وشک پێکەورە بەئاگری شەرەکە دەسوتێن .
ـ بێلایەنی باشترین بژاردەیە بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكانی ئاگری شەڕەكە لەناو ماڵی خۆمان و هەموو هەوڵەكان لەپێناو سەقامگیری وڵاتەكەمان دەبێت.
ـ بەشداریكردن لە شەڕەكەدا ژێرخانی ئابوری وڵات بە تەواوەتی هەڵدەوەشێتەوە و مەترسی جددی لەسەر ئاسایشی وڵات دروست دەبێت.
ـ شەڕێكی كەم وێنە و دژوار و ناتەقلیدییەو بەتێوەگڵانی نەك ناتوانین دەستكەوتەكانی خۆمان بپارێزین. بەڵكو ئەو دەستكەوتانەی کەبەدەست هاتوون دەکەونە ناو مەترسیێکی جددییەوەو پاراستنیان ئەستەم دەبێت .
ـ نابینە بەشێك لە شەڕەكە، چونكە ئێمە وەك چۆن دژی دەست تێوەردانی دەرەكین بۆ ناو كاروباری وڵاتی خۆمان و نامانەوێ هیچ وڵاتێكی ناوچەکە كێشەمان بۆ دروست بكات، بەهەمان شێوە نابێ ئێمەش كێشە بۆ هیچ وڵاتێك دروست بكەین.
ـ راستە عیراق و هەرێمی كوردستان لەرووی جوگرافییەوە نزیكترین شوێنن كە لە گۆڕەپانی شەڕەكەوە نزیكن بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی دیكە زیانەكانی كەمترن. هۆکارەکەش بۆ ئەو سیاسەتە حەکیمانە دەگەرێتەوە کە بەدەستپێشخەری یەکێتی بۆتە هەڵوێستی رەسمی هەرێم و عیراق بەگشتی . هەرلادانێک لەو سیاسەت و بژاردەیە زۆرترین زیان و مەترسی روو لەهەرێم وعیراق دەکەن .
بڕیاری بێلایەنی و دورکەوتنەوە لەشەر بژاردەیەكی زۆر گرنگە، بەڵام پاستنی ئەو ئیرادە هاوبەشە پێویستی بە ئەرکێکی هاوبەش هەیە چونکە هەوڵێکی شاراوەی شەرخوازازانە هەیە و دەیەوێ سودلە دۆخەکە وەربگرێت و هەندێ ئاڵنگاری و مەترسی رووبەرووی هەرێمی كوردستان و عیراق بکاتەوەو رایانکێشنە ناو بازنەی شەرێکی ناخوازراوەو بۆ ئەو مەرامە هەوڵی دروستکردنی ناکۆی و دوبەرەکی و بێ متمانەیی دەدەن لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ . بۆیە دۆخەكە وا دەخوازێت كە هەرێم و بەغدا بەیەکەوە ئەركێكی رێگری لەتەشەنەکردنی ئەو مەترسی و ئاڵنگاریانە بکەن . ئەوەش تەنها بەپلانێکی هاوبەش دێتەدی کەبتوانن هەوڵە کە پۆچەڵبکەنەوە و رێگری لە راكێشانی هەرێم و بەغداد بکەن بۆ ناو بازنەی شەڕەكە .
ئەركە هاوبەشەكەی نێوان هەرێم و بەغداد
لەئێستادا كە شەڕەكە بەرەو هەفتەی سێیەم دەچێت ،كێشەیەكی هاوبەش بەرۆكی هەرێم و عیراقی گرتۆتەوە ،ئەویش ئەو هێرشانەیە كە گروپە چەكدارەكانی ناو عیراق دەیكەنە سەر شارەكانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عیراق وبۆردومانكردنی بارەگای تیمە دیپلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان و هەندێ دامەزراوەی ستراتیژی حكومی. لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەترسییە و چۆنیەتی بەردەوامبوون وجێبەجێكردنی سیاسەتی بێلایەن ، خەڵكانێک هەن هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەم سیاسەتە دەدەن و دەخوازن كێشە و ناکۆکی بخەنە نێوان هەرێم و بەغداد و بەشێوەیەكی راستەوخۆ رایانبكێشنە ناو شەڕەكە و بە دوو ئاراستەی جیاوازەوە سەرقاڵی دروستکردنی درزو سیناریۆی گۆماناوین لەنێوان هەردوولاو هەوڵدەدەن هەرێم بە پشتگیریكردنی لایەنێكی شەڕەكە تۆمەتبار بكەن و لە هەرێمیش دەستی تۆمەت بۆ حكومەتی فیدراڵ درێژ بکەن . بۆیە گرنگە هەردوولایەن زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكەن و پلانێكی هاوبەشیان هەبێت بۆ چۆنیەتی نەهێشتنی ئەو مەترسییانە و بەغداد لەوە دڵنیا بکرێت كە هەرێم جددییە لەسەر هەڵوێستی خۆی و سیاسەتێكی نەگۆڕی هەیە و بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەشێك لە شەڕەكە ، لەهەمان كاتدا هەرێمیش خوێندنەوەیەكی دروستی هەبێت بۆ واقیعی عیراق و لەوە دڵنیابن كە توانای حكومەتی عیراق بۆ رێگریكردن لە گروپە چەكدارەكان سنوردارە و هاوشێوەی هەرێمی كوردستان ئەو گروپانە بۆردومانی فرۆكەخانە و بارەگای هاوپەیمانان و هەندێ باڵیۆزخانە و ئامانجی ئابوری و وزەو كارەبای ناوەڕاست و باشوری عیراقیش دەكەن و چەندە هەرێم پێویستی بە بەغداد هەیە ئەوەندەش بەغداد پێویستی بە هەرێمە کەپێکەوە سەقامگیری ناوچەکە بپارێزن و نەکەونە ژێرگاریگەری هەندێ پەیامی دژبەرو نابەرپرسیار ، چونکە کێشەو مەترسییەکانی سەر هەردوولا هاوبەشن و نابێ لەم قۆناغە دژوارە بەدوای خاڵە جیاوازەکانی یەکتر بگەرێن و یەکتر تومەتباربکەن . بەڵکو دەست بەخاڵە هاوبەشەکانەوە بگرن و زەقیان بکەنەوە و کاریان لەسەربکەن .چونکە بەهیچ شێوەیێک لەم دۆخە مەترسیدارەدا ناکۆکی و بیانۆلەیەکترگردن و بڵاوکردنەوەی پەیامی دژبەیەک و یەکتر تومەتبارکردن لەرێی میدیاوە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی هەردوولاو و سەقامگیری ناوچەکە ناکات وخوانەخواستە ئەگەر ئەم پرسە هەستیارە بە هەند وەرنەگیرێ و هاوکاری و هەماهەنگی وهەوڵی هاوبەش نەدرێت بۆ رێگریكردن لەو هەوڵەمەترسیدارە و لەرێی کۆبوونەوەو دانوستانەوە نەگەنە بریارو رێکەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەو نەهێشتنی مەترسییەکان ، ئەوا دورنییە هەرێم و بەغدا بەدوو سیناریۆی جیاوازەوە هاوشێوەی وڵاتی لوبنان بکەونە ناو تونێلێكی تاریك و مەترسیدارەوە.
لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیارە دروست و یەكلاكەرەوەیدا
لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیارێكی دروست و یەكلاكەرەوەیدا و بە رەسمی و بەشێوەی راستەوخۆ رایگەیاند كە نابینە بەشێك لە شەڕەكە و بژاردەی بێ لایەنیی بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق باشترین بژاردەیە.
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی یەكسەر سەردانی بەغدادی كرد و پەیامە رەسمییەکەی حزبەکەی خۆی بە سەرۆك وەزیران و سەركردە باڵاكانی لایەنە سیاسییەكانی عیراق گەیاند و تیایدا گرنگی ئەم بژاردەیە و هەروەها زیانەكانی لایەنگیری بۆ شەڕەكە خستەروو.
بەهەمانشێوە لەرێی دیدار و پەیوەندی تەلەفۆنیەوە هەمان سیاسەتی بە لایەنە كوردستانییەكان گەیاند، لەسەر ئاستی باڵای ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش لەرێی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكا و ئێران و توركیای لەوە دڵنیا كردنەوە كە ئێمە نابینە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندی هیچ وڵات و لایەنێك و داوا دەكەین لەرێی ئاشتی و دانوستانەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت، هەروەك لە دوو دیداری تەلەفزیۆنیدا رایگشتی بەو بڕیار و سیاسەتەی یەكێتی ئاشنا كرد و رایگەیاند، نابینە بەشێك لە شەڕەكە و بێلایەنی هەڵدەبژێرین