لەتیف نێروەیی 10:23 AM - 2026/08/31

لەتیف نیروەیی

یادكردنەوەی 31ی ئاب بۆ ئەوە نییە كە میدیای یەكێتی بەشێوەی رۆژی رووداوەکە پەیامەكانی خۆی دژی پارتی بڵاوبكاتەوە و بۆ ئەوەش نییە میدیای پارتی لەم یادەدا پاساو بۆ هاتنی هێزەكانی رژێم بهێنێتەوە، بەڵکو بۆ پەندوەرگرتنە لەوەی کارتی هێزی دەرەکی کێ رایبکێشێت کارتێکی سووتاوە
ـ یادكردنەوەی 31ی ئابی ساڵی 1996، بۆ ئەوە نییە كە میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەهەمان شێوەی سەردەمی رۆژی رووداوە ناخهەژێنەكە، پەیامەكانی خۆی دژی پارتی بڵاوبكاتەوە و زامەكە زیاتر بكولێنێتەوە.
ـ هەروەك بۆ ئەوە نییە كە میدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم یادە تاڵەدا هاوشێوەی رۆژی هاتنی هێزەكانی رژێم بۆ ناو شاری هەولێری پایتەخت، پاكانە بۆ كارەساتەكە بهێنێتەوە و هەڕەشەی زیاتر بكات. 
ـ بەهەمان شێوە یادكردنەوەكە بۆ ئەوە نییە کە حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستانی و عیراقی، كە لەو رۆژەدا لەناو شاری هەولێر بوونەتە ئامانجی پەلامارەكانی سوپای رژێمی ئەوسای عیراق، وەكو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراق، پەكەكە، حزبی سۆسیالیستی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، حزبی شیوعی، بزوتنەوەی دیموكراتخوازانی كوردستان، پارتی پارێزگارانی كوردستان و ئەوانی دیكە، زەنگی تۆڵەسەندنەوە لێبدەن.
ـ بەڵكو بۆ ئەوەیە كە یادی شەهیدان و بێسەروشوێنكراوانی ئەو رۆژە بكرێتەوە و سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاكیان نەوی بكرێت.
ـ هەروەك یادكردنەوەكە بۆ ئەوەیە كە نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتوو وەكو وانەیەكی مێژوویی بە یەكێك لە رۆژە تاڵەكانی مێژووی گەلەكەیان ئاشنا ببن.
ـ بۆ ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان بەگشتی و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی، باشتر لەو راستییە بگەن كە ناكۆكییەكان چەندە زۆر و ئاڵۆز و گەورە و بەگرێبن، چارەسەرەكە تەنها و تەنها لەڕێی دانوستان  و سازانەوە دەكرێت و بەدەر لەوە بەكارهێنانی هەر كارتێكی دیكە، بەتایبەتی كارتی دەرەكی، دەرئەنجامێك بەدوای خۆیدا دەهێنێتەوە، كە بۆ هەتاهەتایە زامێك بەجێدەهێڵێت و شوێنەواری بەكارهێنانی ئەو كارتە بەسەر هەموو لایەكەوە دەمێنێتەوە.
ـ یادكردنەوەكە بۆ ئەوەیە كە هەموو لایەنەكان لەو راستییە بگەن کە هەمیشە خەڵكانێكی دەرەكی ئامادەن بۆ وەشاندنی گورزێكی گورچکبڕ لە هەرێمی كوردستان و چاوەڕوانی داگیرساندنی گڵۆپی سەوز دەكەن.
ـ یادكردنەوەی رووداوە ناسۆر و كارەساتە جەرگبڕەكان لە زۆربەی ئەزموونی گەلاندا، بۆ تۆڵەسەندنەوە و چاندنی رقوكینە نییە، بەڵكو وەكو وانەیەكی مێژوویی بۆ ئەوەیە كەسانی ئەكادیمی و ناوەندەكانی توێژینەوە لەڕێگەی راڤەكردنی ئەو رووداوانەوە مەترسییەكانی بخەنەڕوو، هەروەك بگەن بە دەرئەنجامێكیش كە بتوانن رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە كارەساتانە بگرن.

وتارەکانی نوسەر