ستران عەبدوڵڵا
ئەنفالی دادو ڤیغان،
دادپەوەری و ژیانی شایان
ستران عەبدولڵا
ئەنفال حوزنی ئەبەدی نیشتمان، ناونیشانی زوڵم و ستەمی داگیرکەری بەعس ، نەزیری لابردووی ترس و دڵەراوکێی نەتەوەیەک تا ئێستا دڵنیایی یەکجارەکی وەرنەگرتووە کە ئیتر خۆری دادو ژیانی لێ هەڵاتووە و تارمایی دادو فیغانی لا هەڵاتووەو پایدۆزی لێ کردووە.
ئەنفال پرۆسەیەک ساڵانی قەوماوی دوا بڕاوی رابردووە و گەرەکە تۆماری گشتی دڵۆپی فرمێسک و خنکاوی هەنسک و هەڵکێشانی ئاخ وهەناسەی سارد بکەین و بەڵگەمەند ببێت بۆ عیبرەت و غیرەت و تیژی یادەوەری.
بەڵام ئەنفال بێ روانگەیەکی کوردستانیی پاک و پایەدار و بێ دیموکراسییەکی شایان بە قوربانی قڕکردنمان و بوژانەوەیەکی دادپەروەرانەی دوور لە فڕکان فڕکانی مۆنۆپۆلی نەوت و پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و داڕزانی بەها گەورەکانی کوردایەتی لە پەنا چەواشەکاری و کەڵەگاییەوە، ترسێکە جارێ بەتەواوی نەڕەوییتەوەو خورپەیەکی حەیفە خوانەخواستەی ڕاستەقینەی دەوێت کە تا ئەبەد گرەنتی داهاتووی میللەتە ئەنفالدیدە و کیمیاویزەدەکەمان بکات و بڵێ ئاوەوئاو چوو.
هەقمانە دەست لەسەر دڵ بین دوای چارەکە سەدەیەکی تازە کە دەور و پشتمان ماشەڵڵا هێشتا تەڤلی سەدەی بیست ویەک نەبووە و خەیاڵی زۆرداری پێشین و تامی دووپات کردنەوەی هەروا لە سەریا.
هەقمانە چاونەتروکێنین و یەکبارە غافل نەبین تا غافل کوژ نەبین کە زۆرانبازی پاکژ و جوامێرانە دەگمەنە، ئەگەر نەیژین هەر نەماوە.
هەقمانە بەرگی زیللەت و عیللەتمان بە یەکجاری لەبەر نەتەکاندووە و چڵکی نا ئومێدی و نا حەزی و نا پەسەندیمان پەڵەدارە و خاسمان نەشۆردووە،بەڵام زیاتریش لەوەی هەقمانە لەسەرمانە خۆمان باشتر تەیار بکەین و باشترینەکانی کۆمەڵەکەمان بۆ ئەرکی نەبەردی داهاتوو پێشبخەین و پێشمەرگە بن ، چونکە دژوارترە و درێژتر لە رابردوو زەحمەتی و شەونخونی گەرەکە.
ئەوی دێ گاڵتە و جەڤەنگ نییە و پشتێن شلی و خەیاڵخاوی قەت دادی نادا، ئەوی دێ جوامێر ، مێرخاس و خانمخاسی ئەوپەڕی وزە و ورەی پێویستە.
رۆژانی وا لە پێشە وای دەوێ.
خودایە ئەنفال بڕوا نەیەتەوە و ئیقبالی کورد بگەشێتەوە.
ڤیغان بەس بێ و ژیان با بێ. دادمان گوێ لێگراوبێ و بێ دادی تەوەلا بکرێت. هاوارمان هەر هی ناڵینی گەرمیانی داخکراو نەبێ ، گازی و بانگەوازی کوردستانی سەرفراز بێت.
سەرمان لە ناو نەتەوەکان بڵند بێت و جبرانی رابردومان بۆ دابین بکرێت.