ستران عەبدوڵڵا 17/9/2023

ستران عەبدوڵڵا
ساڵانە دەینووسمەوە کە رۆژی راستەقینەی کەوتنی بتی هوبەلی هاوچەرخ ، سەددامی دیکتاتۆر ، کەوتنی بتەکە نییە لە شەقامی فردۆس لە بەغدا لە رۆژی ٩-٤-٢٠٠٣ ، بەڵکو کەوتنی بتێکی تری هوبەلە لە شەقامی دۆزەخی هەمیشەیی تەعریب لە کەرکوک، لە رۆژی ١٠-٤-٢٠٠٣ .
قەت روویداوە رژێمێک پایتەختی زوڵمەکەی رۆژی پێشتر بروخێ کەچی شارێکی تری ، رۆژی دواتر ، بکەوێ و بڕمێ؟
ئەرێ ئەمە بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی زوڵمە راستەقینەکە پایتەختەکەی لە شوێنێکی تر بوو کە کەرکوکی پایتەختی سیاسەتی تەعریب و تەعزیب و تەرحیل و تەبعیس بوو؟
ئەمە ئەو ڕاستییەیە خۆی لە هەناوی مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتەدا شاردۆتەوە و رۆژێک دەبێ ئەم راستییە ، وەک رۆژی روناک، ئاشکرا دەبێت.
بتەکەی بەغدا وەختێک کەفت بتی دیکتاتۆرێکی عەسکەری بوو کە زوڵمی خۆی بەسەر هەموو عێراقییەکاندا بە یەکسانی دابەش کردبوو ، بە کورد و عەرەب ، شیعە و سوننە، تورکمان و ئاشوری و سابیئە و گشت مەخەلوقە جوانەکانی وڵاتی نێوان دوو زێوە.
بتەکەی کەرکوک وەختێک کەفت بتی دیکتاتۆرێکی تەعریب و پاکتاوی رەگەزی بوو کە بنچینە و هەوێن بوو بۆ هەموو زوڵمێک لە هەموو نەتەوەکان، بەعەرەبیشەوە، کە سەددام بە ناوی ئەوانەوە یەکێتیی ریزەکانی خەڵکی وڵاتی تێکدابوو، بەناوی ئەوانەوە لە بەسرە تا رومادی تا سەر سنووری کوردستان خەڵکی دەکوشت و دەبڕی و گۆڕی بە کۆمەڵی بۆ هەڵدەقەنین.
بتی سەددام لە هەر شارێک دا دەنرا بتی کوفر و زوڵم و بێشەرەفی بوو کە نەمرودی زەمان و هوبەلی مەکان داوای لە مەخلوقاتە سەربەرزەکانی ئەم وڵاتە و بەندەکانی خوای هەق و داد دەکرد سەری بۆ دانەوێنن ، کڕنۆشی بۆ بەرن ، لە ئینسانیەتی خۆیان بێنە دەرەوە و داماڵرێن و هەرچی زوڵمە لەوی تەنیشتیانی بکەن و هەرچی غەدرە لە درواسێ و لە هاوشاری و لە هاونیشتمانی و هاوخەم و هاوچارەنووسی خۆیانی بکەن.
هەردوو بت ، بە هەردوو جلی ئاماژەوە و هەموو بتەکانی بۆ سەددام لە شارەکان دانرابوون. ناونیشانی ستەم و غەدر و درۆبازی و چەواشەکاری و پاشقول گرتن بوون لە مرۆڤی ئەم وڵاتە کە کوردبوون دیارترین ناوی بوو و تێکرای عێراقییەکانیش جزی ئەو ستەمەیان بەرکەوتبوو ، بە خێزانی سەددامەوە کە دوو کوڕە فەرخە جەللادەکانی بە سزای رەوا گەیشتن و زاوا شەللاتییەکانی بە دەستی خۆی فەوتان و کچەکانی کە بێوەژن کەوتن و هەمووی قسەی قۆری ئەمڕۆشیان لەبەر بای ئازادی دوای پرۆسەی ئازادییە کە لە دەورانی باوکیان لێی مەحروم بوون.
بت کەوت و بتەوانیش فەوتا و ئەوانی بە زەمەنی هیچوپوچی سەددامیش ئێژن زەمەنی جوان و بەلەزەت و حەسرەتی بۆ دەخوازن ئەوانە خەڵتەی بۆ ماوەی هیچوپوچین . ئەوانەش لێقەوماوی ئەوتۆن کە ستەمی سەددام وا داهیزراو و خراپ و عەدمی کردوون لە وەسف و تام و لەزەتیشدا بێ بەهرە و خێل و گێلن . ئەگینا وایان نە دەفەرموو. ئاخر سەددام و زەمەن و جوانی و ستاتیکا لە کوێ یەک دەگرنەوە؟
سەددام شەڕ و شڕ و شاروێرانی بوو کە دەبێ ئاگاداربین وەختێ بیرمان هەڵکەند و زەویمان کون کرد ، وا قووڵ نەرۆین بگاتە گۆڕی ئەو سەرسەرییە سەری شەڕ و شەڕانگێزییەکەی هەڵدەینەوە.









وتارەکانی نوسەر