عیماد ئەحمەد
پێش هەموو شتێک، زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی باری تەندروستییەوە، کاک کۆسرەت تاقەتی جارانی نەماوە کە بتوانێت وەک رابردوو لەگەڵماندا خزمەتی هەرێمی کوردستان و میللەتەکەی بکات، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیار و ترسناکەدا، بەڵام ناوی ئەو هەمیشە بە شێوەیەکی بەرز لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورددا ماوەتەوە و بەردەوام ورە بە ئێمە و نەوەی تازە دەدات.
کاک کۆسرەت یەکێکە لە تێکۆشەرە دیارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. من یەکەمجار لە ساڵی 1984 لە کۆنفرانسی سێی کۆمەڵە لە مێرگەپان بە دیداری شادبووم. ئەوکاتە وەک لێپرسراوی رێکخستنەکانی کۆمەڵە لە هەولێر بەشدار بوو، دیارە رۆڵێکی کاریگەری لە سەرخستنی کۆنفرانسەکەدا بینی. دواتر بوو بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی شۆڕش و نەگەڕایەوە بۆ شار، بەڵکو لە ناو شۆڕشدا مایەوە و ئەركی سیاسی و سەربازیی گەورەی لەئەستۆ گرت.
لە هاوینی ساڵی 1997دا، کاتێک سەرۆک وەزیرانی زۆنی سەوز بوو، لەگەڵ کاک کۆسرەت و وەفدێک سەردانی دێهاتەکانی ناوچەی ئالانی شارباژێڕمان کرد. خەڵکیی بە ژن و پیاو و بە منداڵ و پیرەوە، پێشوازییان لێکردین و هاواریان دەکرد: «کۆسرەت رەسولی عەلی، شێرەکەی ئیمامی عەلی»
ئەو ناو و ناوبانگە بەهۆی ئازایەتی و قارەمانێتییەکەیەوە بوو کە لە شەڕ و ئاشتیشدا نیشانی دابوو.
کاک کۆسرەت پیاوێکی قارەمان و خاوەن هەستێکی سیاسیی دەگمەن بوو. زۆرجار بڕیارەکانی راست و هەڵسەنگاندنەکانی دروست دەردەچوون. لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، وەک سەرۆکی وەفد بەشداری دانیشتنە گرنگەکانی کردووە و هەمیشە داكۆكی لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان کردووە. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، پیاوێکی بە وەفا و خۆشمەعشەرە. لە کاتی خۆشی و ناخۆشیی هەڤاڵاندا، درێغی نەکردووە. دەستکراوە و دڵپاک بووە بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان.
ئەگەرچی ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت وەک جاران رۆڵ ببینێت، بەڵام مێژووی تێکۆشان و خزمەتەکانی هەمیشە بۆ ئێمە وانەیەکە لە ئازایەتی، بە وەفایی و بەرپرسیارێتی.
ئێمەی یەکێتییەکان و هەموو ئەوانەی باوەڕمان بە رێبازی مام جەلال و یەکڕیزیی هەیە، دەبێت قۆڵی لێ هەڵبماڵین و جێگەی ئەو سەرکردانە پڕبکەینەوە کە بەهۆی تەمەن، یان نەخۆشی، یان کۆچی دواییەوە، زۆر بەداخەوە لە ناوماندا نین، بەڵام ئێمە بە یادی هەڤاڵە هەمیشە لەیادەکانمان و بە هیممەت و یەکڕیزیی، دەتوانین ئاڵای یەکێتی زیاتر گەشاوەتر بکەین و خزمەتی گەل و نیشتمان بکەین، لەپێناوی ژیانێکی شایستە و سەرفرازیی زیاتر بۆ میللەتەکەمان.