عیماد ئەحمەد
نەورۆز و ڕەمەزان؛ نوێبوونەوەی خاک و نوێبوونەوەی دەروون
عیماد ئەحمەد
نەورۆز، تەنها گۆڕان نییە لە ساڵی کوردیدا؛
نوێبوونەوەی بیر و دڵ و هیواشە. لە وڵاتێکدا کە ساڵنامە بە بەهار دەستپێدەکات، دەبێت چارەنووسیش بە ئومێد و هیوا بنووسرێت، نەک بە مەینەتی و کارەسات.
ئاگری نەورۆز جوانە؛ ئاگر هێزە، بێسێبەرە و پاکە.
نەورۆز لە ڕوانگەی مێژووییەوە، یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی ناوچەی زاگرۆس و کۆمەڵگای کوردی و ئێرانییەکان، کە پێوەندییەکی قووڵی بە وەرزی بەهار و گۆڕانی سروشت هەیە. لە بیر و باوەڕی کۆنیدا، نەورۆز پەیوەستە بە هۆشیاریی گەل و هەستکردن بە ئازادی و ڕزگاری، و لە چیرۆک و ڕەخنە مێژووییەکاندا ناوی کاوە وەک هێمای ڕاپەڕین دژی زوڵم و داگیرکاری دێتە پێشەوە. بەم شێوەیە، نەورۆز تەنها جەژنێکی وەرزی نییە، بەڵکو بەشێکە لە یاد و ناسنامەی مێژوویی گەلی کورد. هەر لە لایەکی ترەوە، جەژنی ڕەمەزانیش لە مێژووی ئاینی کۆمەڵگای ئیسلامیدا وەک مانگێکی پاکبوونەوەی مرۆڤ و چاکسازیی ئەخلاقی ناسراوە، و ئەم دوو جەژنە، لە کاتێکدا کە یەکدەگرنەوە، مێژوو و ئێستا و دەروون و سروشت یەکەمجارە لە مێژووی هاوچەر لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەبن.
پیرەمێردی شاعیر دەڵێت:
«ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بەهاتەوە»
ئەمساڵ جەژنی نەورۆز باوەش بە جەژنی ڕەمەزاندا دەکات؛ جەژنەکە دەبێت بە دوو جەژن.
وەک مەحەمەد ساڵح دیلان دەڵێت:
«دوو ئاوانە، تاڤگەی زەڵمە یا زێیە…»
شاری ئەڵوەن،خانەقین
کە ماوەیەکە کەوتووەتە بەر پیلانی شۆڤێنی تازەی عیراقی نوێدا، خەڵکی ئەم شارە، بەهەر بۆنەیەکی زۆر خۆش و نایاب دەڵێن:
«عەیدێک و دوو نەورۆزە!»
ئەمساڵ نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان یەکدەگرنەوە؛ یەکگرتنێکی جوان و پڕ واتا، کە تێکەڵەیەک دروست دەکات لەنێوان نوێبوونەوەی سروشت و نوێبوونەوەی دڵ و دەرووندا.
ئەگەر نەورۆز هێمای دەستپێکی ساڵ و گەڕانەوەی ژیان بۆ خاک و درەخت و گژوگیا بێت، ڕەمەزانیش هێمای گەڕانەوەی مرۆڤە بۆ ناخی خۆی؛ بۆ لای ڕۆح، بۆ هەست و بۆ لێبوردەیی.
لە نەورۆزدا سروشت خۆی پاک دەکاتەوە، نوێ دەبێتەوە و دووبارە هەڵدەستێتەوە؛
شاخ و دۆڵ و دەشتاییەکان، درەخت و گیا، تەیر و تیورەکان، هەموویان پەیامی نوێبوونەوە دەگەیەنن.
لە ڕەمەزاندا ئەم نوێبوونەوەیە دەگوازرێتە ناو دڵ و ویژدانی مرۆڤ. مرۆڤ فێری خۆڕاگریی دەبێت، فێری ئارامی و هێمنی دەبێت و فێری ئەوەش دەبێت کە هەستی بە ئازاری ئەوانە بکات کە ژیانیان سەختە و بە ئاسانی تێناپەڕێت.
لە مانگی ڕەمەزاندا مرۆڤ نزیکتر دەبێتەوە لە خێزان، دراوسێ و کۆمەڵگا، چونکە هاوبەشی نان و سفرە، هاوبەشی کات و هەست دەکات.
ئەم مانگە فێرمان دەکات کە هێزی مرۆڤ تەنها لە توانای جەستەییدا نییە، بەڵکو لە توانای راگرتنی نەفسی خۆی و زاڵبوون بەسەر هەست و ئارەزووەکانیدا.
کاتێک نەورۆز و ڕەمەزان یەکدەگرنەوە، پەیامێکی قووڵ دروست دەبێت بۆ کۆمەڵگای ئێمە:
نوێبوونەوە تەنها بە گۆڕینی ڕۆژ و مانگ و ساڵ نییە؛ نوێبوونەوە پێویستە لە هەڵوێست و هەڵسوکەوت، لە بیرکردنەوە و کاری خزمەتگوزاری بۆ گەل و نیشتیماندا دەربکەوێت.
نەورۆز فێرمان دەکات لەگەڵ سروشتدا هاوڕێ بین؛ ڕەمەزانیش فێرمان دەکات لەگەڵ مرۆڤدا میهرەبان بین.
ئێمە ئەمڕۆ لە دۆخێکدا دەژین کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەمان پڕە لە شەڕ و قەیران و نائارامی. ئەم یەکگرتنەی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان دەبێت ببێتە مایەی یەکڕیزی، یەکهەڵوێست و یەکدەنگی؛ ببێتە هەلێک بۆ بیرکردنەوەی نوێ، هەلی ئەوەی لە ژیاندا، لە پێش هەموو شتێک، میهرەبانی لە شوێنی توندوتیژی دابنێین و هاوبەشی و یەکگرتن لە شوێنی دابەشبوون و لێکترازان.
نەورۆز نوێبوونەوەی خاکە؛ ڕەمەزان نوێبوونەوەی دەروونە.
کاتێک هەردووکیان یەکدەگرنەوە، پەیامەکە دەبێت بەوەی: ژیان تەنها بە جوانی دەرەوە قەشەنگ نابێت، بەڵکو جوانیی دەروونیش پێویستە و تەواوکەرییەتی.
چەژنی نەورۆز و چەژنی ڕەمەزان لە گشت خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت و هەموو ساڵێک بە خۆشی و کامەرانی.
بە شێوازی خانەقینیش ئەڵێین:
عەیدی نەورۆز و ڕەمەزانتان موبارەک، و گشت ساڵ لە ناو عەیدان بن