سۆزان خاڵە شیهاب 01:36 PM - 2026/09/21

 سۆزان خاڵە شیهاب

گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دۆز و پێگەی کورد و کوردستان هەیە، رۆژ لەدوای رۆژ مەترسییەکانی گەورەتر دەبن، ئەمە خەیاڵ و گەورەکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە هۆشیارییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لەبارەوە دروست بکەین و دواتریش لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی گشتی پرۆژەی نیشتمانی لێ بەرهەمبهێنین.
 سەربڕینی شەڕڤانێک ئەگەر وەکو وێنەیەک وەریبگرین بۆ واقیع و دۆزی کوردستانی گەورە، تێدەگەین کە پیلانی ورد و خاشکردنی کورد بە ئاشکرا هەیە، لە وێنەکەدا هەر گەنجێكی قارەمانی کورد نابینین شەهید دەکرێت، بەڵکو رەتکردنەوەی بوونی کوردە لەناو پرۆژەیەکدا کە لە ناچاریدا قبووڵی کردووە، پرۆژەی پێکەوەژیان لەگەڵ داگیرکەر، ئەویش لەژێر چەتری پرۆژەیەکی گەورەتری نێوان دەوڵەتەکان کە بەرژەوەندییەکانیان دژی کورد وەستایەوە.

لەم چرکەساتە مێژووییە پڕ لە مەترسییانەدا، کورد پێویستیی بە گۆڕینی مەترسییەکانە بۆ دەرفەتی زێڕین، ئەگەر ئەوەمان کرد ئەوە قەڵغان و دەستەبەری مانەوە بۆ نەتەوەکەمان بەدەستدەهێنین
 ئەو مەترسییەی لە سوریا لەسەر کورد هەیە، ناتوانرێ تا ماوەیەکی درێژتر قەتیس بکرێ، هەر رەنگە ئەوە وەکو دەرچەیەک بۆ هەناردەکردنی پرۆژەیەکی ژەهراوی بۆ بەشەکانی دیکەش کاری لەسەر بکرێ، بەڵکو ئەوە دەبێتە سەرەتای کارەساتێکی دیکەی نەتەوەیی کە دوور نییە بمانگەڕێنێتەوە بۆ دواوە.
 کورد دەیەوێت وەکو نەتەوە و بەپێی دەستوور دانی پێدا بنرێت، لەکاتێکدا رەخنەی زۆریش هەن لە پرۆژەکە، بەڵام هەروەکو سەرەتایەکی باش بۆ دەربازکردنی قۆناغی مەترسیی لەسەر رۆژئاوای کوردستان قبووڵ کرا، کەچی لە ساتێکدا خێڵ دەست لە پرۆژەی راگوزەر بەرەو دیموکراسی وەردەدات، لە رێگەی شەهیدکردنی کوردێکەوە، دەرگا لەسەر ئاژاوەیەکی وا گەورە دەکاتەوە کە دوور نییە مەترسییەکانی یەکجار زۆر دوور بڕۆن.
لە مێژووی کورددا ساتێک نییە مەترسیی لەسەر نەبووبێت، ئەمە هەم واقیعە و هەم فاکتێکی مێژووییە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەییمان نییە لەسەر ئاستی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەترسییانە، لانیکەم خاوەنی گوتارێکی نیشتمانیی سەقامگیریش نین تا قۆناغێکی گرنگی ئاسوودەیی بۆ کورد وەکو نەتەوە فەراهەم بکەین.
 مەترسییەکی گەورە لەسەر کورد و ئەزموونەکەی و پرۆسە سیاسی  و نەتەوەیی و دیموکراسییە هێشتا ناسەقامگیرەکەی هەیە، نەتەوەی ئازا و سەرکردەی ژیری خاوەن جیهانبینی، زۆرجار مەترسییەکان دەگۆڕێ بۆ دەرفەتی رزگاربوون و هەڵسانەوە، دەیکاتە سەرەتایەکی بنەما پتەو بۆ بوژانەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئامادەگیی قوربانیدان بۆ ئەوەی ئایندە بونیاتبنرێت.
 لەم چرکەساتە مێژووییە پڕ لەمەترسیانەدا، کورد پێویستیی بە گۆڕینی مەترسییەکانە بۆ دەرفەتی زێڕین، ئەگەر ئەوەمان کرد ئەوە قەڵغان و دەستەبەری مانەوە بۆ نەتەوەکەمان بەدەستدەهێنین، پێچەوانەکەیشی شکست و کارەساتی گەورە دەبێت، مێژووش هەردووکیان دەنووسێتەوە.

وتارەکانی نوسەر