سۆزان خاڵە شیهاب 03:12 PM - 2026/08/24

سۆزان خاڵە شیهاب

لە مێژووی دوور و نزیکی نەتەوەی کورددا، دوژمنەکانی چەندینجار جینۆسایدیان کردووە، لە جینۆسایدی مرۆڤەوە بیگرە بۆ جینۆسایدەکانی بایۆلۆژی، جەستەیی، کەلتوری و ئابووریی کوردستان و نەتەوەی کوردیش. بێگومان هەر یەکێک لەو جینۆسایدانە کاریگەریی نەرێنی قووڵی لەسەر کورد دروستکردووە و هەندێکجار بووەتە هۆکاری وەستاندنی مێژووەکەی لە ساتێکدا، بەڵام وەستانەکە زۆری نەبردووە و کورد لە رێگەی راپەڕین، رووداو یان شۆڕشێکەوە هەستاوەتەوە و بەردەوامیی بە خەباتەکەی داوە.

 

جینۆسایدکردنی کورد بکرێتە کەرەستەی توێژینەوە، نەک تەنها بە زمانی کوردی، بەڵکو گرنگە بە زمانە زیندووەکانی جیهان قووڵ و زانستیانە قسە لەسەر جینۆسایدکردنی کورد بکرێت
ئەو بەردەوامیدانە پەیوەندییەکی قووڵی بە ویستی مانەوە و پاراستنی خاک و نەتەوە هەیە، ویستێکە رەگی شۆڕبووەتەوە بۆ مێژوو، بۆیە لە هیچ سەردەمێکدا نابینیت کورد خۆی رادەستی بێدەنگی کردبێت، راستە ماوەی مێژووی هەیە، کە حزب و بزووتنەوە و شۆڕشی ئاشکرای نەبووە، بەڵام لە سووڕی نهێنیی خۆئامادەکردندا بووە بۆ هەڵسانەوە و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمە مێژووییەی لێی کراوە و ناچار بۆ قۆناغیکی دیکەی شۆڕش ماوەیەک خەباتی ژێزەمینی و ئامادەسازیی بەشێوەیەکی نهێنی بەسەر بردووە.
هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد جینۆساید نەکراوە، دەبینیت لە سەدەی بیست و یەکدا، تەنها نەتەوەی کورد بە بەرچاوی جیهانەوە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە شنگال جینۆساید کرا، گرەنتیی نییە چەند بارەی دیکەیش نەبێتەوە.
پەیوەندیدار بە جینۆسایدی کورد دوو خاڵی گرنگ هەن پێویستە لەسەریان راوەستین:
یەکەم: ئامادەیی کورد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان بایی ئەوەندە نییە لە هەر ساتێکدا رووبەڕووی جینۆسایدکردن نەبێتەوە، بەڵکو سپاردنی چارەنووسێتی بە جۆرێک لە قەدەر و پەیوەندیی سیاسیی ناهاوسەنگ، بۆیە دەبینین کاتێک داعش پەیدا دەبێت ئامادەیی کورد لەو ئاستەدا نییە رێگری لە جینۆساید نەکردنی خۆی بکات.
دووەم: هەر ئێستا زۆرینەی ئەوانەی قسە لەسەر جینۆسایدکردنی کورد دەکەن، لەناو ناحاڵیبوونێکی قووڵدا ناوی دەهێنن، بۆ نموونە دەڵێن (کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە، کیمیابارانکردنی بالیسان زامێکە لە جەستەی نەتەوەکەماندا و .. هتد).

لەسەر ئەو چەمک نەناسییە دوو سەرنج هەیە:
•ئەگەر لە نائاگاییەوە بێت، ئەوا دەبێت بۆی راستبکرێتەوە و ناچار بەوە بکرێت جینۆسایدی نەتەوەکەی بە کارەسات و زام ناونەبات، چونکە کارەسات بۆ رووداوی سروشتیی وەکو لافاو و هەورە بروسکە و ئەو کارەساتانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و رووداوی هاتوچۆوە دروست دەبن، بەکاردەهێنرێت.
•ئەگەر لە ئاگاییەوە بێت، بۆ نموونە توێژەرێک لە توێژینەوەکەیدا بنووسێ کارەساتی ئەنفال و زامی هەڵەبجە، ئەوا دەبێت راستەوخۆ لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو ئەگەر بەردەوامیش بوو، ئەوا دروست وایە لە کارەکەی دووربخرێتەوە.
جینۆساید، وەکو چەمکێکی  زانستی- سیاسی دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد کەوا لە هەر نەتەوەیەکی دیکە زیاتر جینۆساید کراوین و پێویستە لە هەر کەس زیاتر کاربکەین بۆ لابردنی هۆکارەکانی دووبارە نەبوونەوەی لە داهاتوودا.
ئەو بە زام و کارەسات ناوهێنان و کەم بایەخدانە بە جینۆسایدەکانی کورد لەسەر ئاستی ناوەندەکانی خوێندن و زانستیی کوردستان، هەروەها نەبوونی هەوڵی جددی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لۆبی نەکردن بۆی، وایکردووە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی گەورەی جیهان لە ئاستی رەسمیدا، نەک تاکە تاکە ناوەندی بێ کاریگەر و پەرلەمانتار یان سیاسیی خانەنشینکراو، جینۆسایدکردنی کورد بە رەسمیی نەناسن، خۆ ئەگەر بیانناسیایە، ئەوا دەبووە گرەنتییەکی نێودەوڵەتی بۆ رێگرتن لە جینۆسایدکردنی کورد.
گرنگیدان بە چەمکناسی هەنگاوێکی گرنگە بۆئەوەی خوێندنەوەی قووڵ بۆ جینۆسایدکردنی کورد بکەین، زانستیی سیاسیی دەرفەتی گەورەت دەداتێ بۆئەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی جینۆسایدکردنی کورد بکرێتە کەرەستەی توێژینەوە، نەک تەنها بە زمانی کوردی، بەڵکو گرنگە بە زمانە زیندووەکانی جیهان قووڵ و زانستیانە قسە لەسەر جینۆسایدکردنی کورد بکرێت.

وتارەکانی نوسەر