عیماد ئەحمەد 10:23 AM - 2026/09/07

 عیماد ئەحمەد

من هێشتا لەدایک نەبووم؛ نە ناوم هەیە، نە رووخسارم و نە شوێنێک لە تۆماری دانیشتوواندا، بەڵام لە داهاتوودا گوێم لە هەنگاوەکانتانە؛ چونکە هەر بڕیارێک کە ئەمڕۆ دەیدەن، سبەینێ دەبێتە رێگەی ژیانی من. هەر دارێک کە دەیبڕن، سێبەرێک لەسەر سەرم کەم دەکاتەوە و هەر پردێک کە لەنێوان دڵەکاندا دەیڕووخێنن، رێگەی گەیشتنم بەوانی دیکە دوورتر دەکاتەوە.
من هێشتا نەهاتووم، بەڵام نیشتمانەکەم پێش من لەدایکبووە؛ کێشەکانی لە تەمەنی باپیرانم کۆنترن و خەونەکانی لە هەموو نەوەیەکدا دووبارە دەبنەوە. دەترسم کاتێک بێمە دنیاوە، نیشتمان تەنیا وشەیەک بێت لە کتێبی قوتابخانەدا؛ نە خاکێک کە بە ئارامی لەسەری بژیم و نە ماڵێک کە هەست بکەم هی منە.
ئەی ئەوانەی ئەمڕۆ لەسەر کورسیی بڕیار دانیشتوون، من لێتان ناپرسم چەند قسەتان لەبارەی داهاتووەوە کردووە؛ دەپـرسم چەند بەشی  داهاتووتان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ رزگار کردووە؟ ئایا هەرێمێکم بۆ بەجێدەهێڵن کە یاسا لە سەرووی تاکەکانەوە بێت، یان دەسەڵاتێک کە تاکەکان لە سەرووی یاساوەن؟ ئایا ناسنامەی من دەبێتە پردێک بۆ ناسینی خۆم، یان دیوارێک بۆ دوورخستنەوەم لەوانی دیکە؟
من میراتی ناکۆکی و تۆڵە لە ئێوە وەرناگرم. ناتوانم بەردەوامیی بە شەڕە دەنووک و ململانێیەک بدەم کە پێش لەدایکبوونم دەستیپێکردووە و نازانم بۆچی دەبێت کۆتایی نەیەت؟ ئەگەر ئێوە لەسەر رابردوو رێک ناکەون، لانیکەم مەهێڵن رابردووتان ببێتە زیندانی داهاتووی من. مێژوو فێرگەیە، نەک زنجیرێک کە هەر نەوەیەک بەپێی نەوەی دوای خۆی رەفتار بکات.
ئەی مامۆستا، من پۆلێکم دەوێت کە تێیدا فێری پرسیارکردن ببم، نەک تەنیا لەبەرکردنی وەڵامە کۆنەکان. ئەی پزیشک، نەخۆشخانەیەکم دەوێت کە نەخۆشیی من بە پلە و پەیوەندیی نەپێوێت. ئەی دادوەر، دادگایەکم دەوێت کە ناو و پێگەی تاوانبار، چاوی دادپەروەری نەبەستێت. ئەی نووسەر، وشەیەکم بۆ بنووسە کە راستیی بڵێت؛ تەنانەت ئەگەر راستی گوێی دەسەڵاتیش ئازار بدات.
ئەی باوک و دایکی داهاتووم، من ماڵێکی گەورەم ناوێت، ئەگەر ترس لە دەرگاکەیدا پاسەوان بێت. دەوڵەمەندییەکم ناوێت، ئەگەر هەژاریی منداڵێکی دیکە، نرخی ئەو بێت. تەنیا وڵاتێکم دەوێت کە تێیدا ناچار نەبم لە یەکەم خەونمدا بیر لە کۆچ بکەمەوە؛ وڵاتێک کە گەنجیی من وەک کەرەستەی ملمـلانێی سیاسی بەکار نەهێنرێت و پیریی من بە چاوەڕوانیی مووچەیەکەوە بەسەرنەچێت.
کاتێک لەدایک دەبم، لەوانەیە رووبارەکان کەمئاوتر، باخەکان کەمدارتر و شارەکان قەرەباڵغتر بن. لەوانەیە کاتێک باران، بیرەوەرییەکان تەڕ دەکات، تەنیا لە بیرەوەرییەکانی ئێوەدا بمێنێتەوە. بۆیە خاک تەنیا وەک سنوورێک مەپارێزن؛ بەڵکو وەک سەرچاوەی ژیانی من بیپارێزن. دارێک کە ئەمڕۆ دەیچێنن، نامەیەکی سەوزە بۆ من؛ بەڵام بیابانێک کە بەجێی دەهێڵن، سزایەکە بۆ تاوانێک کە من نەمکردووە.
نیشتمان بۆ من نە سروودێکە کە تەنیا لە بۆنەکاندا بیبیستم، نە ئاڵایەکە تەنیا لەسەر بیناکان هەڵبدرێت. نیشتمان ئەوەیە لە بەیانییەکدا، بەبێ ترس، لە ماڵەوە بچمە دەرەوە؛ لە قوتابخانە بە زمانی خۆم بخوێنم، بە ئازادیی بیر بکەمەوە و بە شایستەیی کار بکەم. نیشتمان ئەوەیە بۆ مافێکی سادە ناچار نەبم بەدوای ناوێکی گەورەدا بگەڕێم.
من هێشتا لەدایک نەبووم؛ بۆیە ناتوانم دەنگبدەم، ناڕەزایی دەرببڕم یان بەرگریی لە مافەکانم بکەم. ئێوە دەنگی منن؛ بەڵام دەتوانن ببنە هۆی بێدەنگ کردنم. هەر بڕیارێکتان ئیمزایەکە لەسەر لاپەڕەی ژیانی من، پێش ئەوەی دەستم بتوانێت یەکەم وشەی خۆی بنووسێت.
رۆژێک دێمە دنیاوە و لە ئێوە ناپرسم چەند دیوار و بیناتان دروستکردووە؛ دەپـرسم چەند مرۆڤتان لە ترس رزگار کردووە؟ ناپرسم چەند ئاڵاتان هەڵکردووە؛ دەپـرسم چەند جار دادپەروەریتان بەرز راگرتووە؟ ناپرسم چەند قسەتان بە ناوی منەوە کردووە؛ دەپـرسم کاتێک من ئامادە نەبووم، چەند بە ئەمانەتەوە بەرگریتان لە مافەکانم کردووە؟
من نیشتمانێکی بێ کێشەم ناوێت؛ چونکە ئەوە شتێکە لەئارادا نییە. نیشتمانێکم دەوێت کێشەکانی بە یاسا و گفتوگۆ چارەسەر بکات، نە بە تۆپ و تۆمەت؛ وڵاتێک کە جیاوازیی تێیدا تاوان نەبێت و دەسەڵات خزمەتکار بێت، نەک خاوەندار.
من هێشتا لەدایک نەبووم؛ بەڵام نیشتمانەکەم لە دەست ئێوەدایە. تکایە کاتێک هاتم، وا مەکەن یەکەم فێربوونم ئەوە بێت کە چۆن لێی رابکەم. وا بکەن یەکەم وشەی دوای «دایک» و «باوک»، دڵنیایی و خۆشەویستی، «نیشتمان» بێت.

وتارەکانی نوسەر