كاروان ئەنوەر
عەمودێکی تیا نەبوو!!
ئەی ئافەرین شار، عەمودێکت تێدا نەبوو!! ئەم قسەیەی هاوڕێكەم، روداوی ئەو مامۆستایەی بیرهێنامەوە کە دەفتەرێکی تاقیکردنەوەی جوگرافیایان بۆ خستبووە ناو دەفتەرەکانی ماددەی عەرەبی، ئەویش هەر بە حسابی عەرەبی، 78% نمرەی بۆ خوێندکارەکە دانابوو.. پاشان مامۆستایانی قوتابخانەکە، تەشقەڵەیان بەم مامۆستایە کردبوو، وتبوویان: باشە جوگرافیا بە زمانی کوردی، ماددەکەی تۆ عەرەبییە، چۆن خوێندتەوە، چۆن نمرەت بۆ دانا، چۆن نەتبینی، چۆن جیاوازیت لە نێوان جۆگرافیا و عەرەبیدا نەکرد؟؟
لە وەڵامدا، زۆر بە بڕوایەكی بەخۆوە وتبوی: ئەی ئافەرین جوگرافیا خەریتەیەکت تیا نەبوو!!
منیش دەڵێم بمرێ جوگرافیا، ئەی زانستی نا حەكیم، لەدوای 8 ساڵ جەنگی خۆتڕێنی عیراق-ئێران، نەخشەی جەنگەكەت لە شەڕی وێرانكردنی هەڵەبجەدا كۆتایی پێهێنا!!
پاییزی ساڵی 1992 بوو، تازە بە تازە پاش کیمیابارانی 1988 دەویسترا ئاوەدان بكرێتەوە، هێشتا بەشێكی دانیشتوانی كوردستان و هەڵەبجە، لەكۆڕەوەوە لە ئۆردوگاكاندا بوون، من لەوشارە سەرقاڵی چاپكردن ودەرچاندنی بڵاوکراوەیەك بووم بە ناوی (تریفە)، کە زمانحاڵی ینك و تاكە كۆمیتەكەی بوو لەو ناوچەیەدا.. شاری چی؟ نە ئاو، نە کارەبا، نە ڕێگاوبان، نە تەلەفۆن، نە ئاوەڕۆ، نە خانوو، نە بازاڕ، نە.... هیچ سیمایەكی شاری پێوەنەمابوو، چونكە هەر پاش کیمیاباران، هەر بینایەک بەپێوەمابوو، عیراقی رەفتار فاشی بە TNT تەقاندیەوە، پێش ئەویش ئێرانی داگیرکەر، هەرچی ماڵوموڵکی شار و شارەوانی و حکومەت و ئیدارەی میری بوو، (گۆڕەری كارەبا-محولە) و شیش و دەرگاو و پەنجەرەی بیناکان، (عەمود-ستونی كارەبا) لەو شارەدا، هەموویان ئاودیوی ئێران كردبوو، تەنانەت کتێب و دەستنووسەكانی ناو کتێبخانەی هەڵەبجەو تەكیەو خانەقاكان، لەم فەرهوودە بێبەش نەبوون.
ژمارە سفر و ژمارە یەکی بڵاوکراوەکەی ئێمە لەسەر کاغەزی A4، فولسکاپ، بە (چاپی دەست-گابعە) دەنووسراو، بەسیکۆتین دەبوایە بمانلكاندایە، باشترین شوێن بۆ پیاهەڵواسین، عەمودەکانی کارەبا و دەرگا و دیواری ماڵان و قوتابخانەو مزگەوتەكان بوو، گەورەترین کێشەی ئێمەش ئەوەبوو، هیچ تەنێک نەبوو ئەو بڵاوکراوەی پێوە بلکێنین و پێیدا هەڵبواسین. جا لە نەبوونی عەمودی کارەباوە تا نەبوونی دیوار و دەرگای ماڵان و مزگەوت و خوێندنگەو و فەرمانگەکان، هیچ شتێک بە پێوە نەمابوو، كەچی نزیکەی 20000کەس گەڕابوونەوە هەڵەبجە و لەو شارە کاول و وێرانەدا دەژیان. ئامارێکمان بۆ ژمارەی دانیشتوان کرد، ژمارەکە 48000 کەس دەرچوو، چونکە هاوپەیمانان خۆراک و یارمەتییان دابەشدەكرد، خەڵك لەژمارەی خۆیان زیاتریان دەنووسی، بۆئەوەی پشکی زیاتری هاوکاری و یارمەتییان بەربکەوێت.
لێرەدا مەبەستمە بیری خەڵکی کوردستان بهێنمەوە، چیرۆكی ژیانەوەی هەڵەبجە زۆر دەگمەن بوو، شارێک لێوانلێو لە پاشماوەی كیمیایی، لێرەولەوێ جەستەی پیرۆزی شەهیدەكانی لە کوچەوكۆڵان و ژێرزەمینەکاندا دەدۆزرانەوە، شارێک تەنها یەک خانووی تێدا نەمابوو بە کەڵکی ژیان بێت، دیوارێک و دەرگایەک نەبوو، عەمودێکی کارەبا نەبوو کە بڵاوکراوەیەكی پێدا هەڵبواسین، بەبێ هەموو خزمەتگوزاریەکان، کەچی زیاتر لە 20000 مرۆڤی تێدا دەژیا. من خۆم لە کەلاوەکەی ماڵی باوکم دەژیام، کە بۆمبی ناپاڵم لێیدابوو، لەژێر بنمیچێكی شەقاربوودا، نیوەی روخابوو نیوەكەی تریش شڵەقابوو، دەرگا و دیوار و حەوشەو و پەنجەرەم نەبوو، هەزارانی تریش وەك من دەژیان، بەڵام سەربەرزانە دەژیاین..
دەزانن ژیانی سەختی هەڵەبجەییەکان و ئەو ورە بەرزەیان، جۆرێك بوو لە بەگژاچوونەوەی دیكتاتۆر، (نا) یەكی پڕ بەگەروو بوو لەدژی رژێمی بەعسیەکان، هەڵەبجە بەو ئازارەی سەلماندی كە هێشتا زیندووە، هێشتا بەپێوەیە.... بۆیە، زۆر جار مرۆڤ بەجۆرێک لە جۆرەکان، بە (ئێشوئازار) بوونی خۆی دەسەلمێنێت، بونەوەریش چەند لاواز بێت، بەگژی جەلادەکەیدا دێتەوە، وەك دووپشك تا دڵی جەلادەكەی خۆش نەكات بەچزوی خۆی خۆیدەكوژێت..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
كاروان ئەنوەر
(سێگۆشەی خڕ) گۆشەیەکی ھەفتانەیە ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)بڵاودەبێتەوە.