ستران عەبدوڵڵا 17/9/2023



جلی کوردی ئاماژەیەکی کوردەواری ڕەسەنە، رەگێکی یەکسانیی و وەک یەکی پێوەیە، جۆرەکانی چەند جیاواز ، هەرزان یان گران بەها بن  هێشتا بنەمای یەکسانی و یەک چینی خۆی پاراستووە و دەپارێزێت. گشتی لەبەری دەکەن و گشتمان لەبەری دەکەین و ناسنامەی ئەرک و فرمان و ناونیشانی بەگ و بەلەنگاز، مشکی بەسەر و مسکێن لەبەر ، دەرناخەن، جلی زادەی ژیانی  کۆشک و ماڵی ئاوەدانی خانەقا بێت یان جلی زادی خەرقە و بەرماڵی کوچەی دەروێشان هەر پۆشاکی کوردانە و عەمەلی و ئاسانکاری و گورجانەیە. جلێکە  هاوبۆنەیی و هاونەتەوەیی و دیارە هاوچارەنووسیش نمایان دەکەن و ئاشکرا پێمانەوە دیار دەبێت کە کوردین و مەرد و ڕەند.
راستە جلی کوردی ژنانە ئاڵوواڵاتر و سازگارترە  و هی پیاوانە سادە و ساکار. بەڵام لەمەشدا وەکی پێکەوە راوەستاون  زیاتر شان لە شان و تەواوکارن تا جیاواز و لێک دابڕاو. 

وەختێ لەرووی رەنگینی ، زەنگینی و سەنگینییەوە جیاوازیشن و بۆنە و ترادسیۆنی  کۆمەڵایەتی فرە دابین دەکەن ، هێشتا ئەم یەک رەنگی و یەک ئاستە دەپارێزن. لە شایی و شین ، لە جەنگ و جەڤەنگ، لە پرسە و پرسیاردا هەر کوردی و هەر کرمانجییە.

جلی کوردی لە کوردایەتی و خەبات  و کەینوبەینی سیاسەتیشدا مەوداکان نزیک دەکەنەوە  و هەر خۆی پێکهاتەکەی وایە ئاشتی و رێککەوتن و پێکهاتن بەسەر ناکۆکی و ناتەباییدا زاڵدەکات. 
لە پۆشاکی جەنگاوەری ئازادیخوازدا فەرماندە و پێشمەرگە ناچار دەکەن یەک سەنگەر بن و لە کایەی پیاوەتیدا پێشبڕکێ و گیانبازی بنوێنن. 
جلی کوردی خاڵی هاوبەشی نێوان کوردەواری خۆمانی و کوردایەتی خاوەندارێتی سیاسیی لە کوردستانیشە ، بێگومان بە رەچاوکردنی ئەوەی کوردی پۆشی لە زەماوەند و جەژن و رێورەسمی ژیانی رۆژانەدا خۆشتر و ئاسانترە لە مەشەقەتی خەباتی سیاسیی و دژواری سەنگەری کوردایەتی. هەرچەندە دەوران هەبووە کڵاوەی پەهلەوی بەناوی ئەفسانەی درۆی ئیفرەنجی پۆشییەوە پشتێنی کوردی کردۆتە پەتی خنکان  و شەپقەی ئەتاتۆرکی و سیدارەی فەیسەڵیش بۆتە سێدارەی گەردەنی کوردی کە لە کێوی بێستوون مەحکەمترە  بە وەسفی شاعیری ستوونی بابانی : مستەفا بەگی کوردی. ئەوە ئەو کاتانە بوون کە  سەردەستەکان  گەرەکیان بوو بە ناوی نازداری مۆدێرنەی رووکەشەوە لەهەموو ئەدگارێک بێبەشمان بکەن و زمانمان ببەستن و قڕمان بکەن و قڕوقپمان پێ بکەن.
بێگومان بەشێکی خەباتی سیاسیی هاوچەرخ  و داخوازی ئازادی و دیموکراتیشمان بۆ ئەوەیە مەودای نێوان کوردەواری و کوردایەتی هەر بە جارێ نەهێڵین، وەک خەڵکی ئەم دونیایە جلمان بە ئاسانی لەبەر بکەین،  ناسنامەمان بە جوانترین شێوە گوزارشت بێت لە کوردبوونمان و کوردایەتیشمان ئاسان و ئاسایی بێت، یانی سیاسەت و دەربڕین و مافەکانمان چیتر خوێن و فرمێسکی نەوێت و گشتمان بە کەمترین نرخەوە،  وەک هەر مرۆڤێکی ئەم سەردەمە، لێی بەهرەمەند بین. وا بێت ئیتر بەهار و ئازارەکانمان بێ هەڵەبجە و بێ ئەنفال و بێ فەوتان بێت، گشتی جەژن و نەورۆز و گەردەن ئازادی بێت. وا بێت جلی کوردی تەنیا و تەنیا هەر رەنگی شادی و شایی و شاباش بێت.
جەژنی جلی کوردی ، جلی یەکسانی و خاکێتی و خاکەڕایی لە کچ و کوڕ ، ژن و پیاوی کورد پیرۆز بێت.

وتارەکانی نوسەر