نەوشیروان فەتاح 01:08 PM - 2026/08/09

وەچەخستنەوە لەپێویستییەكی ئابوورییەوە بۆ بژاردەیەكی ئارەزوومەندانە، خوێندنەوەیەک بۆ تێۆری كاسرین پاكالوك
ئەسپ لەدڵی ئابوورییەوە بۆ كاڵایەكی جوانكاری 
لەرابردوودا خەڵک ئەسپیان بۆ جوانییەكەی بەخێونەدەکرد بۆ ئەوەش نەبوو لەكێڵگە یان سەر شەقامەكان نمایشی بكەن، بەڵکو لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا بڕبڕەی پشتی ئابووری بووەو بۆ بژێوی ژیان پێویستییان پێی بووە وەك گواستنەوە، کشتوکاڵ، بازرگانی و گەشتكردن، هەموو ئەمانە لەسەرپشتی ئەسپەکە یان لەرێگەی ئەو گالیسكەی کە ئەسپەکە ڕایدەكێشا ئەنجام دەدرا، بەڵام دواتر ئۆتۆمبێل پەیدا بوو، هێنری فۆرد هات و ئۆتۆمبێلە ئابوورییەکەی خۆی خستەڕوو، ئیتر ئەسپ لەماوەی چەند ساڵێکی كەمدا لەدڵی ئابووریی ئەو سەردەمەوە چووە پەراوێزی ژیان و بوو بەكاڵایەك بۆ جوانكاری، بەهاتنی ئەم ئامێرە بۆ بازاڕ، بەخێوكردنی ئەسپ بوو بەبابەتێكی ئارەزوومەندانە لای دەوڵەمەندەكان، هاوكات لەهۆكارێكی پارە پەیداكردنەوە گۆڕا بۆ ئەوەی هەركەسێك بیبێت دەبێت خەرجییەكی زۆری بۆ دابین بكات.
سەردەمی دابەزینی ژمارەی دانیشتووان
بەر لەچەند دەیەیەک لەمەوبەر بە تێكڕا ژنێکی ئاسایی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەوت منداڵی دەبوو، بەڵام لەرۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو ژمارەیە بۆ یەك منداڵ دابەزیووە، گۆڕانی ئەم دۆخە بەشۆڕشێكی بێدەنگ ناو دەبرێت و لەپشت پەردەو لەنێو چواردیواری ماڵەكاندا دەگوزەرێت بەڵام کاریگەری لەسەر ڕێژەی لەدایکبوون لەسەرانسەری جیهاندا دروستكردووە.
دەتوانین بڵێن مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی سەردەمێکی نوێ بووەتەوە كە بە "سەردەمی دابەزینی ژمارەی دانیشتووان" ناو دەبرێت، نیکۆلاس ئیبەرچاد، كە ئابووریناسێکی ئەمریکییە دەڵێت، بۆ یەکەمجار لەدوای پەتای تاعونی سەدەی ١٤وە ژمارەی دانیشتوانی جیهان بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات.
تێۆری كاسرین پاكالوك
شارەزایان تیۆرو گریمانەی جۆراوجۆریان بۆ دابەزینی ئاستی منداڵ بوون خستۆتەڕوو، دەتوانرێت بەشێوەیەکی بەرفراوان دابەشبکرێن بۆ دوو گرووپی پێكەوە گرێدراو، یەکێکیان ئابووری-سیاسی و ئەوی دیکەیان کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییە، هەرچەندە هۆكاری تر زۆر هەن و باسكراون بەڵام من ئەمەوێت بۆچوونێكی نوێ و جیاواز بۆ ئەو دۆخە باس بكەم، کە ئەویش بۆچوونی كاسرین پاكالوك (Catherine Pakaluk)، ئابووریناس و فەیلەسوفی کۆمەڵایەتی ئەمریکییە لەزانکۆی کاسۆلیکی ئەمریکا لەواشنتۆن دی سی، کە خاوەنی تیۆرێكی نوێیە لەبارەی هۆكارەكانی كەمبوونەوەی وەچەخستنەوە بەناوی (تیۆری ئەسپەكان بۆ شیكاری كەمبوونەوەی وەچەخستنەوە) ئەم بیرمەندە هاتووە كەمبوونەوەی وەچەخستنەوە یاخوود كەمبوونەوەی منداڵبوونی شوبهاندوە بەبنەمای بیرۆكەی ئەو گۆڕانەی بەسەر بەخێوكردنی ئەسپدا هاتووە لەسەردەمی مۆدێرندا، ئەمەش نەك بەمانا مرۆییەكەی، بەڵكو ئەو پێیی وایە لەرابردوودا وەچەخستنەوەو زۆری ژمارەی منداڵ ئەركێكی ئابووری هەبووە لەنێو خێزان و كۆمەڵگەداو بەشێك بووە لەسیستمی مانەوە، منداڵ دەستی كار بووە لەكێڵگەدا، بۆ نموونە میراتگرو بەرپرسیاری ماڵەکە بووە لەئەگەری نەمانی باوک یان دایک، گەرەنتی بووە بۆ كاتی پیرییان لەسەردەمێکدا کە سندوقی خانەنشینی و بیمەی تەندروستی نەبووە.
كاسرین پاكالوك باس لەوە دەكات، منداڵی ئەو سەردەمە لەناو ئابووری خێزاندا سێ ئەرکی سەرەکی هەبووە، وەک کاركردن، پاراستن و بژێوی.
• کاركردنی بێبەرامبەر: منداڵان کاریان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان یان لەکاروباری خێزانەکەدا دەکرد، بێ هیچ مووچەیەك یان كرێیەك تەنانەت بۆ كەسانی دەرەوەی خێزانەكەش نەبوو.
• تۆڕی پاراستنی خێزان: بوونی منداڵ خێزانەکەی دەپاراست لەئەگەری مردن یان نەخۆشی باوک.
• سندوقی خانەنشینی: لەتەمەنی پیریدا بۆ دایک و باوک منداڵان وەبەرهێنان و تاکە سەرچاوەی پشتیوانی بوون. 

وەچەخستنەوە لەزەرورەتەوە بۆ بژاردە
كاسرین پاكالوك پێی وایە لەرابردوودا منداڵ بەشێک بووە لەهاوکێشەی بەرهەمهێنان و ئاسایش و بەردەوامی، بەڵام جیهان گۆڕا، تراکتۆر هات دەستی كاری لەکێڵگەدا کەمکردەوە تەکنەلۆژیا هات پێداویستی کرێکاری نێو خێزانی کەمکردەوە، سندوقی خانەنشینی و بیمەی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی جێگەی وەبەرهێنانیان لەمنداڵاندا گرتۆتەوە، کاتێک دەوڵەتی مۆدێرن، بەباشی کارەكانی دەکات و ئەرکی خۆی بەباشی ئەنجام دەدات، بەشێک لەئەرکی پاراستن و ئاسایش دەگرێتە ئەستۆ، وەک دەستەبەرکردنی سندوقی خانەنشینی و بیمەو وەبەرهێنان، دەبنە جێگرەوەیەك بۆ ئەو بیرۆکەیەی کەپێی وایە منداڵان تاکە پلانن بۆ كاتی پیری.
پرسیارەكەی كاسرین پاكالوك ئەوەیە ئایا وەچەخستنەوە لەزەرورەتەوە گۆراوە بۆ بژاردە؟ چونكە ئێستە ئێمە نەوەیەكین هەست ناكەین ناچاربین بۆ ئەوەی ئابوورییەكەمان بپارێزین و داهاتێكی زۆریشمان هەبێت، پێویست بكات خێزانێكی گەورەمان هەبێت، بەواتایەكیی تر بریاری وەچەخستنەوە یاخوود منداڵ بوون لەخانەی پێداویستییەوە گۆڕاوە بۆ بژاردەیەك، هەست بەناچاری ناکەین بۆ ئەوەی منداڵمان هەبێت، بێگومان لەپرەنسیپدا مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە بەبێ منداڵ بژی، توانای ئەوەی هەیە تەمەنی پیری خۆی بەبێ منداڵ بەڕێوەببات و داهاتەکەشی بنیات بنێت، بەبێ ئەوەی خێزانێکی گەورە شانبەشانی کاربکات، مەرج نییە ئەمەش بەو مانایە بێت کە ژیانی بێ منداڵ باشترە، بەڵکو بەو مانایەیە کە بڕیاری منداڵبوون لەپێویستییەوە گۆڕاوە بۆ ئارەزوویەك.
شکستی حکومەتەکان بۆ زیادکردنی منداڵ بوون
زۆرجار حکومەتەکان شکست دەهێنن کاتێک دابەزینی توانای منداڵبوون تەنها وەک پرسێکی دارایی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، ژاپۆن نموونەیەکی ڕوونە، سەرەڕای سیاسەت و پشتگیری و هاندانەکانی حكومەت، ڕێژەی منداڵبوونی لە ئاستێکی نزمدایە، کێشەکە زۆر لەوە قوڵترە حکومەت بە لێخۆشبوونی باج چارەسەری بكات، مرۆڤی ئێستا كاتێك قەناعەتی بۆ درووست دەبێت منداڵی ببێت كە منداڵ مانایەک بۆ ژیان زیاد بکات و بتوانێت قەرەبووی ئاسوودەیی بکاتەوە، ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە مرۆڤ چیتر ناچار نییە منداڵی هەبێت بۆ ئەوەی بژی، بەڵكو ئێستا بیركردنەوەی لۆژیکی ئەوەمان پێدەڵێت: بەبێ منداڵ، پارەی زیاترو خۆشگوزەرانی زیاترو کارێکی باشترت دەبێت، بۆیە هاندانە داراییەكانی حکومەتەكان بۆ زیاتركردنی ژمارەی منداڵی نوێ‌ شکست دەهێنن، چونکە قەیرانەکە قەیرانی بوونی پارە نییە، بەڵکو قەیرانی ماناو پێناسەی نوێیە.
پرسیارەکە ئەوەیەچۆن یارمەتی مرۆڤەکان بدەین کە منداڵیان هەبێت، یاخوود چۆن مانا بگەڕێنرێتەوە بۆ وەچەخستنەوە، چونکە ئێستا جیهان لەو وێستگەیەدا وەستاوە كە منداڵ وەک سەرچاوەی ئاسوودەیی تەماشا ناكات، بەڵكو وەك بارگرانییەك دەیبینێت و ئەم بیرۆكەیە تەواوی خەیاڵی مرۆڤەكانی داگیركردووە. 

کەمی ڕێژەی لەدایکبوون قەیرانی بەها و ماناکانە
پاکالووک كە خۆی خاوەنی هەشت منداڵە تێۆرەكەی لەوەوە سەرچاوە ناگرێت كە "مرۆڤەکان چیتر منداڵیان خۆشناوێت"، بەڵکو باس لەوەدەكات، پێکهاتەی كۆمەڵگەی مۆدێرن و ژیانی سەردەم وایکردووە، وەچەخستنەوە لۆژیکی پراکتیکی و کۆمەڵایەتی و نەریتی خۆی لەدەست بدات، هەربۆیە تەفسیری دابەزینی ئاستی منداڵبوون بەتەنها لە ڕوانگە ئابوورییەكەوە تەفسیرێكی ناتەواوە، بەڵكوو ئەو پرسە بەستراوەتەوە بە گۆڕانی ماناو پێیناسەی خێزان و خودی ژیانەوە.
بەکورتی پاکالوک دەڵێت قەیرانی کەمی ڕێژەی لەدایکبوون لە بنەڕەتدا قەیرانی بەها و ماناکانە نەک قەیرانی دارایی، دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون لە زۆرێک لە وڵاتان تەنها ئەنجامی هۆکارە ئابوورییەکان نییە، بەڵکو بەپلەی یەکەم دیاردەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە تێڕوانینی خەڵک بۆ خێزان و دایک و باوکایەتی .


نەوشیروان فتاح

وتارەکانی نوسەر