ستران عەبدوڵڵا 17/9/2023

نزیکەی چوار دەیەیە ئەم راپەڕینە بەرپا بووە هێشتا وەک یەکەم جارێتی ، هێشتان تەڕ وتووشە، بەهارە و نەورۆزەو جەژنی هەموو شتێکی جوان و بۆنخۆشە، تا هەنووکە جەژنی بەها گەورەکانی میللەتان سەربەرز دەکەن و جەژنی ئازادی و داد و (نا)ی پێویستە لە کاتی پێویستدا. نای نەعرەتە و ناڵەی بەلەنگازان و گەلی کوردی بێبەشە کە حاشای لێ دەکەن و هەشە.
هێشتا گەرم و کوڵاو و پێگەیشتووە، وەک یەکەم ساتی بانگەوازە بۆ لابردنی ستەم و ڕاماڵینی دیکتاتۆری. سیو پێنج ساڵە بەرپابووە و هەر ساڵەی نوێ دەبێتەوە و هەر رۆژەی مانایەکی تر وەردەگرێ و هەر جارەی ئەرکێکی نوێی پێ دەسپێرین و تەکلیفمان لێی تەواو نابێ و هەقمانە کە تەواو نابێ . تازەترین داستانەکانمانە و نازمان بەسەرییەوە هەیە.
ئێمە واین کە لەگەڵ هەر گەشە و پێگەیینی زیاتری گەلەکەماندا بەشەوق و زەوقێکی تازەوە سەیری گوڵی بەهاری راپەڕین دەکەین و تەماشای بووکی ئازادی و حەسرەتی درەنگ هاتنی وادەی رزگاری یەکجارەکی دەکەین.
زیاتر لە سێ دەیەیە دونیا دەیان بەهاری تێپەڕاند و دەیان شۆرشی جاڕ دا ، بەهاری ئەوروپای رۆژهەڵات و رۆژانی بەهاری عەرەبی هاتن و چوون ، دەوڵەتان هەڵوەشانەوە و رژێمە ستەمکارەکان پوکانەوە و هێشتا هیچ کام لەم بەسەرهات و پەندو پێواژۆیانە شانیان لە شانی راپەرینە سەر بڵندەکەی ئێمە نەداوە. بەتەنیشت و بەم لاو لادا زۆر بانگەوازمان بیست و زۆر دروشم لەرانەوە و زۆر سرود وترانەوە و سنوورەکانیان تەی کرد و گەروەکانیان پڕ لە ئومێد و تکا کرد و هیچیان نەیانتوانی خۆ لە سرودی دەمی راپەڕین و زەماوەندی راپەڕین و سۆزی (گەللەو گەللە) ی ئێزگەکەی دەنگی گەلی کوردستان بدەن و تام و بۆنی تێپەڕێنن. کەس سوێندی لەسەرمان نییە ئەگەر بڵێین شەرت بێ هیچ راپەڕینێک وەک راپەڕینی کرمانجی باشوور قایم و قادر و قەوی نەبووە و تا ئێستا پتەوتری رابردوو و ئێستایە و کەسیش عیلمی غەیبی پێ نییە بۆ داهاتوو.
ئەم دیوارە ئەستوورەی راپەڕینی رزگاری ١٩٩١ وا خۆراگر و بە پێوە وەستاوە کە هیچ کون و کەلەبەرێ زەفەریان پێ نەبردووە و تەمەنی بەقا و مانەوەی ئەم قیامەتە تەمەنی هەموو خۆشییەکانی کوردی تێپەڕاندووە، لەوەتەی گەزەنفون ناوی هێناوین و لەوەتەی عوسبەتەل ئومم رۆژەکەی دوای سیڤەر لێمان لالوت بوو و لەوەتەی یوێن لەبەر باعیسی ئینساندۆستی ئازوقەی پێداوین و خێوەتی ئاوارەیی بۆ هەڵداوین، تا ئەمڕۆ کە کاک ترامپ جار بەجار ناومان دێنێ. هیچ پێنجی ئازارێکی کوردستان و تەنانەت هی شارەکەی بناری کێوە ڕەشیش ناگات و ناکاتە رۆژەکەی نەعرەتی رانیە لە دەروازەی قەول و قەراری راپەڕین، لە ساڵی ١٩٩١دا.
ئەم یادە و ئەم رۆژە بۆ کوردی کوردستان وەک پێش و پاش زایینییە، وەک گریکی پێشین و گریکی ئومێدی ئێستایە کە هێشتا تەمای خۆ ڕاپسکانێتی لە تەنگژە و تەنگانە.
هێشتا ئەم راپەڕینە شاکاری کردەوەکانی کوردی کۆتایی سەدەی بیستەمە کە باڵ و سێبەری کێشاوە بەسەر نەوت ساڵی رابوون و قوربانی و هەوڵی بێوەچانی تری ئەو سەدەیە و هێشاش چارەکە تەمەنێکی سەدەی بیست ویەک لە بەروبومەکەی دەخوا و دەحەسێتەوە، نە ئێمە تێرمان خوادووە و نە ئەویش وشکی کردووە،
کەس ناتوانێ شریتی مێژوو لەسەر گرتەیەکی دڵخوازی خۆی راگرێ و کوردیش ئێستا کە هاتۆتە ناو مێژوو نایەوێ ڕاڕەوەکەی رابگرێ، ئەمما تا لە لەم شاکارە داستانەی راپەڕین جوانتر نە نووسین نەشیاوە نۆڤلێتی کرچ و کاڵ ڕەش کەینەوە و چیرۆکی هەڵبزرکاو بهۆنینەوە.
ئەم شاکارەیە تا ئێستا ئیلهام بەخشە بۆ هیتر و وزە ورەیە بۆ داهاتوو.
هەر وەک سەرەتای راپەڕینە کە گەرم و گوڕە و هەر وەکو سەرەتای نووسینە کە تەڕ و تووش، بەهارییە و نەورۆزی.





وتارەکانی نوسەر