تەوار شێخ عوسمان 11:57 PM - 2026/06/13

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد مێژوویەکی سەربەخۆو دایکایەتییەک لە پێناو نیشتماندا!
لە مێژووی حیزب و بزاوتە سیاسییەکانی دونیادا، زۆرن ئەو ژنانەی لەژێر ناوی گەورەی باوکیان یان پێگەی هاوسەرەکانیاندا ون دەبن و تەنیا وەک ناسناوێکی کۆمەڵایەتی دەمێننەوە، بەڵام لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، ژنانێکی یاخی هەبوون کە خۆشەویستیی نەتەوەکەیان وای لێ کردوون ژنبوون نەبێتە بەربەست لەپێناو ئامانجەکانییان. لێرەدا نموونەیەکی شکۆدارمان لەبەر چاوە، ئەویش  ژنێکی پێشمەرگەو ڕۆشنبیرە ئەویش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە.
لە ساڵیادی لەدایکبوونی ئەم ژنە پۆڵایینەدا، تەنیا یادوەرێکی تەمەن پیرۆز ناکەین، بەڵکو خوێندنەوە بۆ مێژووی ژنێک دەکەین کە خۆی بۆ خۆی بووەتە ناونیشانێکی سەربەخۆو دامەزراوەیەکی کاریگەر، بێ ئەوەی پێگەی خەباتی باوکی یان هاوسەرەکەی بقۆزێتەوەو وەک پرنسێسەیەک دەرکەوێت.
گەورەترین و پیرۆزترین تاجی سەر و ئاواتی غەریزیی هەر ژنێک لەم جیهانەدا دایکایەتییە کە هەموو ژنێکیش ئەو چانسەی نییە ئەم ڕۆڵە بەرجەستە بکات.
ئارەزووی دایک ئەوەیە، کۆرپەکەی لە ئامێز بگرێت بە لایەلایە و لەژێر سایەی هێمنیی ماڵێکدا بیپارێزێت و نەوەیەکی نوێ پێشکەشی کۆمەڵگا بکات، بەڵام کاتێک نیشتمان دەکەوێتە بەردەم شاڵاوی سڕینەوە، ئەوکات پێوەرەکانی قوربانیدان لای ژنی شۆڕشگێڕ دەگۆڕێن.
هێرۆ خان نموونەی ئەو خانمە سەرکردەیەیە کە دایکایەتیی خۆی وەلا نا لە پێناو دایکایەتییەکی گەورەتردا کە ئەویش کوردایەتی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەکەی بوو.
دادە هێرۆ تفەنگی پێشمەرگایەتی و کامێرای دۆکیۆمێنتکردنی کردە شانی و ڕێگای سەختی شاخی هەڵبژارد، ئەمە باجێکی دووجار قورس بوو، هەم ژیانی خۆی خستە ناو مەترسییەکانی جەنگ و بۆردومان و هەم کە لەمە ئازاربەخشتر نییە بۆ دایک کە ناچار بوو ئازاری دووریی جگەرگۆشەکانی بەڕێز بافڵ و بەڕێز قوباد بچێژێت دوور لە ئامێزی گەرمی ئەو و لە غەریبیدا گەورە بوون.
ئەم جۆرە لە خۆبەخشین و ڕابەرایەتییە کەموێنەیە لە مێژووداو ئەگەر بمانەوێت هاوتا جیهانییەکانی وەک ئەم خانمە ماندووە بدۆزینەوە، دەبێت لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی هەڵدەینەوە کە نموونەکان کەمن.
وەک Olympias کە دایکی ئەسکەندەری مەزن بوو، ئەم تەنها دایکێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو لەپێناو پاراستنی دۆزی نەتەوەکەی وەک هێزێکی سیاسی لە پشت پەردەوە دەجەنگا و بووە پارێزەری مانەوەی قەوارەی نەتەوەکەی.
هەروەها هاوشێوەی Catherine II ئیمپراتۆری ڕووسیا کە لە پێناو بەرژەوەندیی دەوڵەت و گەلەکەیدا، ناچار بوو بۆ ماوەیەکی درێژ غەریزەی دایکایەتی و بینینی منداڵەکەی بکاتە قوربانی، تا بتوانێت وڵاتەکەی لە داڕمان ڕزگار بکات و بەرەو قۆناغی بوژانەوەی کلتوری و ئابووری بیبات.
هێزی پۆڵایینی دادە هێرۆ لە دوای قۆناغی شاخیش بەردەوام بوو, ئەو هێزەی لە کورسی دەسەڵاتەوە وەرنەگرتبوو، بەڵکوو لەو عەشقە بێپایانەوە سەرچاوەی گرتبوو کە بۆ کولتوور، هونەر، زمان و منداڵانی ئەم خاکە هەیبوو.
ئەو کاتەی دوای ڕاپەڕین بووە چەتری پاراستنی منداڵانی بێسەرپەرشت لە ڕێگەی "مناڵپارێزی کوردستان"ەوە، و کاتێک میدیا و کولتووری کوردی بە دامەزراندنی دەزگای (خاک و کوردسات) لە شۆک و سڕینەوە پاراست، سەلماندی کە ئەو دایکی شارستانیەتی سەردەمەکەی خۆیەتی.
لەم ساڵیادەدا خۆشەویستی بۆ تەمەنێک لە خەبات، قوربانیدان و دایکایەتییەک دەکەین کە بووە پارێزەری خاک.
ئەگەر مێژووی جیهان بە شاژنە جەنگاوەر و دایکە مێژووسازەکانی شانازی بکات، مێژووی کوردیش بە بوونی ئەم خانمە پۆڵایینە سەربەرزە.
ساڵیادی لەدایکبوونت پیرۆز بێت، دایکی شارستانی و پێشەنگی ژنانی شۆڕشگێڕ.

وتارەکانی نوسەر