لە كەنەدا، شەپۆلێكی تووڕەیی جەماوەری و سیاسی دژی پیت هوكسترا باڵیۆزی ئەمریكا لە ئۆتاوا گەیشتووەتە لووتكە، دوای ئەوەی نزیكەی 300 هەزار كەنەدی ئیمزایان لەسەر داواكارییەكی رەسمی كۆكردەوە و داوایان لە حكومەتی وڵاتەكەیان كرد وەك كەسێكی نەخوازراو بیناسێنێت و لە وڵات دەری بكات.
ئەم قەیرانە دیپلۆماسییە لە سێبەری گرژییە قووڵەكانی نێوان واشنتۆن و ئۆتاوادا سەریهەڵداوە كە لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی دەستیپێكردووە، بەتایبەت دوای لێدوانە مشتومڕاوییەكانی سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە لكاندنی كەنەدا بە ئەمریكاوە و سەپاندنی باجی گومرگیی قورس بەسەر كاڵا كەنەدییەكاندا.ئێلیزابێس مەی، سەرۆكی پارتی سەوز و ئەو پەرلەمانتارەی سەرپەرشتیی دەستپێشخەرییەكەی كردووە، دوای پێشكەشكردنی داواكارییەكە بە پەرلەمان، ڕایگەیاندووە كە لە چەندین بۆنەدا هوكسترا رەفتاری دوژمنكارانە و سوكایەتی ئامێزی بەرامبەر كەنەدییەكان نواندووە.
پیت هوكسترا كە لە نیسانی 2025وەك 26مین باڵیۆزی ئەمریكا لە كەنەدا دەستبەكار بوو، لەلایەن ئیمزاكەرانی داواكارییەكەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی دەست لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەیان وەردەدات. لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، باڵیۆزەكە ئەگەری بوونی كەنەدا بە 51 مین ویلایەتی ئەمریكا بە بابەتێكی باش بۆ گفتوگۆ لە نێوان ترەمپ و مارك كارنی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا ناوبرد.جگە لەوەش، هوكسترا هێرشی كردە سەر هەڵمەتێكی ریكلامیی هەرێمی ئۆنتاریۆ كە دژی باجە گومرگییەكانی ئەمریكا راگەیەنرابوو، و بەرپرسانی كەنەدای تۆمەتبار كرد بە هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و هۆشداریی پێدان كە دەبێت چاوەڕێی كاردانەوەی واشنتۆن بن.
داواكارییەكەی هاووڵاتییانی كەنەدا سێ خاڵی سەرەكی لەخۆدەگرێت،دەركردنی هوكسترا، ئەنجامدانی ڕاوێژی دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە پابەندبوونی ناوبراو بە ڕێككەوتننامەی ڤیەننا، و راسپاردنی لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانەكانی ئەمریكا لە كاروباری ناوخۆی كەنەدا. هوكسترا كە پێشتر بۆ ماوەی 18ساڵ ئەندامی كۆنگرێس بووە و لە خولی یەكەمی ترەمپدا باڵیۆز بووە لە هۆڵەندا، مێژوویەكی لە لێدوانی مشتومڕاوی هەیە، لە ساڵی 2017 ناچار بوو داوای لێبووردنی گشتی بكات دوای ئەوەی درۆی كردبوو سەبارەت بە لێدوانە دژە موسڵمانەكانی لە چاوپێكەوتنێكی ساڵی 2015دا.