وەزارەتی بازرگانی عیراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت،بڕی گەنمی كۆگاكراو لە وڵاتدا گەیشتووەتە چوار ملیۆن و 700 هەزار تۆن، كە بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەكات تا دوای وەرزی دروێنە و كۆكردنەوەی بەرهەمی ساڵی 2027.
حەیدەر نوری بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عیراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، یەدەگی ستراتیجیی گەنمی كۆگاكراو لە عیراق بە تەواوی پارێزراوە و بە شێوەیەكی هاوسەنگ بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراوە، بەمەش هیچ مەترسییەك لەسەر دابینكردنی ئارد و بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵە تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە ، قەیران و كێشە نێودەوڵەتییەكان و ئاڵۆزییەكانی رێڕەوە بازرگانییەكان هیچ كاریگەرییەكی نەرێنییان لەسەر دۆخی گەنم و ئاسایشی خۆراك لە عیراقدا نابێت، چونكە وڵاتەكە پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی عەمباركراوی خۆی دەبەستێت.
سەبارەت بە ژێرخانی عەمباركردنیش، حەیدەر نوری ئاماژەی بەوە كرد ،توانای وەرگرتن و هەڵگرتنی پێنج سایلۆ سەرەكییەكەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دەگاتە 300 هەزار تۆن گەنم، كە ئەمەش پاڵپشتییەكی گرنگە بۆ پاراستنی بەرهەمی دانەوێڵە لە وڵاتدا.